بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمین بابەشێخ، گوتەبیژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پێشتر شاندی یەکێتیی لە شاری ھەولێر دوو کۆبوونەوەی زۆر گرنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و بەمزووانە کۆبوونەوەی ھاوبەشی دیکە دەکرێت، ھیوادارین کۆبوونەوەکانی داھاتوومان ھۆکارێکی باش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان".
ئەمین بابەشێخ گوتیشی: "باوەڕ ناکەم یەکێتی و پارتی لە یەکتری دوور بکەونەوە، چونکە بەرپرسیارییەتی ھاوبەشمان ھەیە و لەناو حکوومەتدا پێکەوە شەریکین، ھەروەھا بۆچوونێکی زۆر بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی زیاتر لە یەکتری نزیک ببنەوە، بێگومان دوور کەوتنەوەی نێوانمان بەو شێوەیە نییە جارێکی دیکە ئەو دوو حزبە پێکەوە دانەنیشن، بەڵام کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و پێکەوە بیر لە چارەسەرکردنی کێشەی وڵاتەکەمان دەکەینەوە".
گوتەبێژی یەکێتی ڕاشیگەیاند: "لە نێوان یەکێتی و پارتی ئیرادەیێکی زۆر بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی دابنیش و کێشەکان چارەسەر بکەین و ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە، ھەرچەندە ڕێککەوتن و کارنامەی کاری حکوومەتمان ھەیە، بە ڕێککەوتنێکی سەرەکی دەزانین و ئێمە بەردەوامی بەو ڕێککەوتنە دەدەین، بێگومان ئەگەر پێویست بکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێککەوتنی دیکە دەکەین".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment