کوردپرێس:
بێن واڵاس وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە دانیشتنی تایبەت بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی هاوپەیمانیی دژەداعش لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کوردی سووریا دەوری تایبەت دەبینن لە شەڕی دژبە داعش و سەقامگیریی ناوچەکە.
بێن واڵاس ئەوەشی زیادی کرد: بەشێک لە کوردەکان هاوپەیمانی ئێمەن و یارمەتیی ئێمە دەدەن ئێمەش یارمەتیی ئەوان دەدەین.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا ئاماژەی بە ئوپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا دژی کوردەکان کرد و گوتیشی بەشێک لە هێرشەکانی تورکیا پێوەندیی بە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی تورکیا و مەسەلەی پەکەکەوە هەیە. بەریتانیا پشتگیریی ئەو بەشەی ئوپەراسیۆنەکە دەکات و دەرک بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا دەکات بەڵام بەشێکی هێرشەکان ئوپەراسیۆنەکە هیچ پێوەندیی بە مەسەلەی شەڕی دژ بە تیرۆر نیە و ئێمە جەختمان کردۆتەوە کە لە سووریا کوردەکان بەشێکی هەرەگرینگن لە هۆکاری سەقامگیری لەو وڵاتە و ئەو سەقامگیرییە ڕێگری لە زیادبوونی ژمارەی ئاوارەکان دەکات.
بێن واڵاس ئەوەشی گوت کە بەشێک لە کوردەکان هاوپەیمانی بەریتانیان و یارمەتیی ئەو وڵاتەیان داوە هەر بۆیەش بەریتانیا لە بەرانبەردا یارمەتیی ئەوان دەدات.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا هەروەها جەختی کردە سەر پشتگیری کردنی دانوستانی نێوان کوردەکانی عێراق و دەوڵەتی ناوەندیی ئەو وڵاتە و چارەکردنی کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.
بێن واڵاس جەختیشی کردەوە کە بەریتانیا دەبێت لەگەڵ تورکیاش و لەگەڵ هێزە کوردییەکانیش هاوکاری بکات بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوکاریی یەکتر بکەن و دەرک بەوە بکەن کە پێویستە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و بەتایبەتی بۆ شەڕی دژبە داعش و قاعیدە هاوکاریی یەکتر بکەن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە کورد و عەبەرکانی سووریا لە شەڕی دژبە داعشدا فیداکاریی زۆریان کردووە و بەریتانیا سپاسی ئەو گیانفیدایییە دەکات.
Your Comment