بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرلەمانتار مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاپۆرتی هاوبەشی هەرسێ لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێییەکان و کاروباری پێشمەرگەی پەرلەمان، کە لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان ئامادەیان کردووە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەرسێ لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانیی، ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێییەکان و هەروەها کاروباری پێشمەرگە، کە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دا و بەئامادەبونی وەزیرانی ناوخۆ و کاروباری پێشمەرگە پێشکەش دەکرێت، لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر و لە ئەنجامی لەشکرکێشیی و بۆمب بارانی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێم، ٤٤٠ گوند چۆڵ کراون، کە ٢٦٤ گوندیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک و ١٧٦ گوندەکەی دیکەیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر، سەرەرای گەیاندنی زیانی دەیان ملیۆن دۆلار بە ڕەز و باخ و کشتوکاڵی خەڵکی ئەو ناوچانە و هەروەها کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتیی سڤیلی لێدەکەوێتەوە.
لە درێژەی ڕاگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە: پێویستە پەرلەمانی کوردستان لەئاست ئەم پرسەدا بێدەنگ نەبێت و بە یاداشتی فەرمیی داوا لە پەرلەمان و حکوومەتی عێراقیی بکرێت لەئاست ئەم لەشکرکێشییەدا بەرپرسیارانەتر ڕەفتار بکات و فشارە ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی ئەم لەشکرکێشییە زیاتر بکات و دەسەڵاتدارانی هەرێم-یش لەئاست ئەم کارەساتەدا خەمسارد و بێدەنگ نەبن و یاداشتی شەرمنانە دەرنەکەن و لەرێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشار دروست بکەن، سەرەرای ئەوەی بێدەنگیی و هاوکاری کردنی هەر هێز و لایەنێک بۆ ئەم لەشکرکێشییە، بە ناپاکیی نیشتمانیی دابنرێت.
کۆدی هەواڵێر: 60113
Your Comment