کوردپرێس:
ساڵح کۆدای هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە مێردین سەبارەت بە زیندانی کرانی هاوسەرۆکی شارەوانیی باتمان بە کوردپرێسی وتووە دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر بە تۆمەتی بێ ئەساس و ناڕەوا ئەندامێکی دیکەی حیزبەکەی ئەوانی خستۆتە زیندان.
ناوبراو دەڵێت: ئامانجی تورکیا ئەوەی قەیوم بۆ شارەوانییەکان دەستنیشان بکات و ئەوەش کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە.
هاوسەرۆکی هەدەپە لە مێردین لەبارەی ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ شارەوانی باتمان بە کوردپرێسی وت: هاوسەرۆکی شارەوانیی باتمان لە سەر ئەندامێتیی لە ئەنجومەنێکی مەدەنی زیندانی کراوە و خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەو دامەزراوە مەدەنییە بەپێی دەستوور و یاسای کارپێکراوی تورکیا تورکیا دامەزراوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئاشکرایە کە ئامانجی ئاکەپە لەو سیاسەتە چیە. دەوڵەت نیازیەتی هەموو دەمەزراوە مەدەنییەکان دابخات چ دامەزراوە مەدەنییە تورکییەکان و چ دامەزراوە کوردییەکانیش.
پێشتریش «ساڵح کۆدای» هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە ماردین لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابوو بە زیندانی کردنی پارلمانتارانی پارتەکەی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە و ڕایگەیاند: ئەم هەڵمەتە نایاساییانەی کە دژ بە پارتی دیموکراتیکی گەلان ئەنجام دەدرێت تەنها بۆ لاواز کردنی و دوور خستنەوەی هەدەپە-یە لە گۆڕەپانی سیاسەت.
ناوبراو زیادی کرد پارتی داد و گەشە و پارتی نەتەوە پەرەست بە باشی دەزانن تەنها حزبێک دەتوانێت ڕووبەڕوویان ببێتەوە پارتی دیموکراتیکی گەلان-ە بۆیە هەوڵ ئەدەن تا گۆڕەپانەکەی لێ تەسک بکەن.
هاوسەرۆکی (HDP) لە ماردین وتیشی تا ئەمڕۆ هاوسەرۆکانی حزب، سەرۆک شارەوانییەکان و ژمارەیێک زۆر لە ئەندامانی حزب لەلایەن ئاکپارتیەوە دەستگیر کراون و خراونەتە زیندان. ئامانجی ئاکپارتی ڕوون و ئاشکرایە ئەوەش ئەوەیە کە هەدەپە واز لە سیاسەت بێنێت.
ساڵح کۆدای لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پارتی دیموکراتیکی گەلان چ پلانێکی بۆ ڕاکشانی دەنگی هاووڵاتییانی کورد هەیە وتی: پارتی دیموکراتیکی گەلان تەنها حزبی کوردەکان نییە. ئامانجی هەدەپە تەنها ئازاد کردنی میللەتێک نییە بەڵکوو دەیەوێت خزمەت بە هەموو گەلانی تورکیا بکات.
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان لە ماردین جەختی کردەوە: پارتی دیموکراتیکی گەلان حزبێکی سەرانسەرییە و پاڵپشتی لە هەموو بیروبڕوا ئازادەکان دەکات.
Your Comment