کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان زەروور بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت: "کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، زەروور بوو بۆ دەستپێکی کردنەوەی هەندێک گرێکوێرە کە رێگربوون لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هیچ لایەنێکی سیاسیی نییە لە هەرێم، عێراق و وڵاتانی دیکەیش نیگەرانیی نەبێت، ئابووری هەرێم ئیعتیماد لەسەر نەوت دەکات، نرخی نەوت لەبەر دۆخی کۆرۆنا لە ١٠٠ دۆلار دابەزیووە بۆ ٢٠ دۆلار کە ئەمە ئەزمەیێکی ماڵیی دروست کردووە.

ناوبراو درێژەی دا هەروەها ئێمە موکەلەفین کە سەری مانگ مووچەی خەڵک بدەین، کەموکوڕیێک لەو میزانییە هەیە کە بۆ مووچەی خەڵک تەرخان دەکرێت، لەگەڵ عێراق کێشەیێکمان هەیە لەسەر ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نێوانمان پێنج تا شەش کیلۆمەترە و تیرۆر لەوێ هاتوچۆ دەکات، گرووپەکانی سەربە داعش زیندووبوونەتەوە، هەڵسوکەوتی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچە، بۆیە ئەگەر لە حاڵەتێکی وا نیگەران نەبین، ئەی کەی نیگەران بین".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتیشی: "بە دڵنیایی-یەوە جۆرێک لە گرژی هەبووە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆبوونەوە پێویستەکان دوابخرێت، هەندێک لە هەڵوێستەکانی پارتی نائیجابی بوون بەرامبەر بە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی، ئەمانە هەمووی پێویستی بە بەدواداچوونە، کۆبوونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعوود بارزانی زەروور بوو بۆ دەستپێکی کردنەوەی هەندێک گرێ کوێرە کە رێگربوون لە بەردەم چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشبینی دەکەین لە ماوەیێکی کورتدا کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام هیچ کاتێک دیاریی نەکراوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەموولایێک نیگەرانن لەم دۆخەی هاتووەتە پێش و پێشی وایە کە باشترە نەوت رادەستی بەغدا بکرێت و لەبەرامبەردا گرەنتی ناردنی میزانییەی هەرێم بکرێت و گوتی: "خیلافاتێکی زۆر هەیە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەموومان لەم دۆخە نیگەرانین، بەڵام هەندێک لە ئێمە پێی وایە چارەسەرکردنی کێشەی دارایی بەجۆرێک دەکرێت، هەندێکی دیکە پێی وایە بە جۆرێکی دیکە دەکرێت، ئێمە پێمان وایە، نەمانتوانیووە مۆفەق بین لە فرۆشتنی نەوت و رادەستی عێراقی بکەین، بەڵام لەبەرامبەردا، عێراق گرەنتی ئەوە بدات کە میزانییەی تەواو بنێرێت و ئەمە کێشەی رۆژانەی خەڵکە، جاری وا هەیە ئەم ناکۆکییانە پەل دەهاوێژێت بۆ ناو حکوومەت و پەرلەمان و زۆرجار هەبووە گفتوگۆی جیددی هەبووە و ئەکید ئەمە لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی هەیە".

رۆژی سێشەممە، هاوسەرۆکی یەکێتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی سەردانی هەولێری کرد و ژمارەیێک کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسولی وڵاتان ئەنجام دا، لەمبارەیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند کە هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هیچ لایەنێکی حزبی ئەنجام نەداوە.

لە دوو هەفتەی رابردوو، پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پڕکرایەوە و لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستەکانی دیکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "کەسەکان ناوزەدکراون و پێموایە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمیش لەسەر پشکی یەکێتیی، کارەکانی تەواوبووە و ئەمانە پەیوەندی بە بابەتێکی رۆتینەوە هەیە و بابەتێکی سیاسیی نییە".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆتاییدا لەبارەی دید و تێروانینی بۆ ئایندەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "من بە گەشبینی لەدایک بووم و پێویستە هەراسان نەبین، بۆ هەر کێشەیێکیش چارەسەر هەیە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189458

Your Comment

You are replying to: .
captcha