کوردپرێس:
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 1ی گەلاوێژی 1399 بەرانبەر بە 22ی تەمووزی 2020 مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە ئەنجومەنی نێونەرانی ئێران و لەگەڵ محەمەد باقر قاڵیباف و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دیداری کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە قووڵ بوونەوەی پێوەندیی نێوان عێراق و ئێران لە قۆناغی پاش ڕووخانی سەدام کرد و گوتیشی پێوەندیی ئاینی و فەرهەنگی و مێژوویی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات جێی ڕێزە و ئامادەن پەرەی زیاتر بە پێوەندییەکانیش بدەن.
قاڵیباف ئاماژەی بە پێوەندیی ئاینیی نێوان ئێران و عێراق کرد و گوتیشی پێشوازی کردنی عێراقییەکان لە زیارەتکارە ئێرانییەکان کە بۆ زیارەتی کەربەلا و ئیمام حوسێن دێن نموونەیێکی بەرچاوی تێکەڵاوی و پێوەندیی قووڵی فەرهەنگی و ئایینییە و بە هەمان شێوەش لایەنی ئێران پێشوازیی باش و گەرم لەو عێراقییانە دەکەن کە بۆ زیارەتی ئیمام ڕەزا دێنە مەشهەد.
ناوبراو ئاماژەی بە دۆسیەی تیرۆری شەهید سولەیمانی کرد و گوتیشی تیرۆرکرانی سەردار سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندس کە پێشەنگی شەڕی دژبە تیرۆر بوون پەڵەیێکی چڵکنی شەرمەزارییە بە نێوچاوانی ئەمریکایەوە چوونکە ترەمپ ڕاستەوخۆ فەرمانی تیرۆر کردنی ئەو دوو شەهیدەی دەرکردبوو. بۆیە لایەنی ئێرانی چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە دۆسیەی تیرۆرکرانی سەردار سولەیمانی بە شێوەیێکی جدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
قاڵیباف دووپاتی کردەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا لە خاکی عێراق بێت ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە ناگەڕێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەندێک تەوەری دیکەشی باس کرد کە گرینگترینیان بریتی بوو لە مەسەلەی بەرپەرچدانەوەی کۆرۆنا و یارمەتییەکانی ئێران بۆ عێراق لە کاتی شەڕی داعش و پێگەی پەرلەمانی عێراق لە پێشخستنی سیاسەتەکانی حکومڕانیی ئەو وڵاتە.
لای خۆیەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش جەختی کردەوە کە هەرگیز عێراق ڕێگە نادات خاکی وڵاتەکەی ببێتە سەکۆ و مەکۆ بۆ هەڕەشە دژی هیچ دراوسێیێک و بەتایبەتی دژی ئێران.
کازمی هەروەها سپاسی یارمەتییەکانی ئێرانی کرد لە هاوکاری کردنی لەگەڵ عێراق لە مەسەلەی کۆرۆنا و پێدانی کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی پێویست.
شایانی باسە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەمە 30ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 21ی تەمووزی 2020 گەیشتە تارانی پێتەختی ئێران و لە لایەن حەسەن ڕۆحانی سەرۆککوماری ئێرانەوە پێشوازیی لێکرا و پاش دیدار لەگەڵ سەرۆککۆمار و ڕێبەری باڵای ئێران لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆ بووەتەوە.
Your Comment