کوردپرێس:
لەڕاگەیەنراوێكدا هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەى بەوە کرد، بەنیگەرانیەوە چاودێری بارودۆخی لەشكركیشی بەرفراوانی سوپای توركیا بۆ باكوری عێراق دەكەن و ئەوەش كارێكی ڕەتكرایەوە بەهەر بیانویەكەوە بكرێت.
عامرى رونیکردەوە، ئەو كارەی توركیا هیچ پاساوێكی نێودەوڵەتی و چوارچێوەیەكی یاسایی و تەنانەت شەرعیش هەڵناگرێت و كردەوەكانی ئەمجارەشی هەموو دەستدرێژییەكانی پێشووی تێپەڕاندووە لەڕووی هاتنە ناو قوڵایی خاك و كاتی مانەوەكەی.
عامری باسی لەوەش كردووە، دەستدرێژییەكەی ئەمجارەی تورکیا بەقوڵای 25 كیلۆمەترە و بەچڕی هاتوون و ئەوەش ئاماژەیەكی ترسناك هەڵدەگرێت كە دەیانەوێت سیاسەتی ئەمری واقیع بسەپێنن و هەوڵی دروستكردنی پشتێنەیەكی ئەمنیی دەدەن هاوشێوەی ئەوەی باكووری سوریا بۆیە هۆشداری لەسەر ئەو پیلانە دەدەن.
عامری داواشی كردووە، حكوومەتى توركیا بەپەلە بكشێتەوە لەخاكی عێراق و ئەو كارەشی بەدوژمنكارانە سەیر دەكەن كە ناڕژێتە بەرژەوەندی دوو وڵاتەوە كەپەیوەندی مێژوویی و ئاینی و برایەتی فراوانیان پێكەوە هەیە سەرباری پەیوەندی ئابووری.
سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح دەشڵێت، دەبێت حكوومەتی عێراق بێدەنگی بشكێنێت و بڕیارێكی پێویست بەگرتنەبەری ڕێوشوێنە دیپلۆماسیی و سیاسیە گونجاوەكان بدات بۆ كۆتایهێنان بەو دەستدرێژییە بەردەوامە و وروژاندنی ئەو پرسەش لەكۆمکاری عەرەبی و ڕێكخراوی كۆنگرەی ئیسلامی و نێودەوڵەتی. عامری داواش لە لایەنە عێراقییەكان دەكات هەڵوێستێكی یەكگرتوو بۆ پاراستنی سەروەرییەكانی عێراق دەرببڕن.
Your Comment