بەشی ئێران- محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتە دەبێت و ئاسایشی عێراق بۆ ئێمە گرنگە".
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری خاکی ئەو وڵاتە دەبێت و هیچ شتێک کاریگەری لەسەر پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عێراق ناکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندی باشی نێوان عێراق و ئێران بەڕشتنی خوێنی هاونیشتیمانییەکانیان لەرووبەرووبوونەوەی داعشدا دروست بووە و ئەو پەیوەندییە بەهێزە درێژەپێدەدەن.
زەریف ئەوەشی خستەڕوو، بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە بواری گەشتیاری، پەیوەندی دەریایی، وزە و کشتوکاڵ و هەمو بوارەکان تاوتوێ کراوە.
ناوبراو روونیشی کردەوە، سەرۆکی هەردوو وڵات رێککەوتنێکی گرنگ و مێژوییان بەقەبارەی 20-30 ملیار دۆلار واژۆکردوە کە سوودی زۆری بۆ هەردوو وڵات و ناوچەکەش هەیە.
لای خۆشییەوە، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێم کۆ دەبێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و بەرژەوەندی هەردوولایە بەبێ دەستێوەردان.
فواد حسێن وتیشی، لەکۆبوونەوەکانیان لەگەڵ زەریف، پرسی پەیوەندی بازرگانی و سیاسی تاوتوێ کراوە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ عێراق کە بەنیازە بەمزووانە ئەنجامی بدات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment