کوردپرێس: لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە خەندانی رایگەیاند، وەک دەزانین لە چەند رۆژی رابردوودا، لە میحوەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزێکی سوپای عێراق هاتبووە ناوچەکە، بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لەو میحوەرە هەیە کە پێشمەرگەی تێدا نەبووە.
وتیشی، پێشمەرگەش بە هەمان شێوە دەیویست بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە پڕبکاتەوە، بەڵام هەردو وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە ناڕازیبون لەسەر ئەوەی لایەنێک ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕبکاتەوە، لەئێستادا رێککەوتن کراوە کە هەردولایان ئەو ناوچانە بە هاوبەشی پڕبکەنەوە.
سەبارەت بەوەی ئەو هێزە هاوبەشە لە کوێ دەبن وتی، لەئێستادا دەستکراوە بە پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە، کە درێژییەکەی 11 کیلۆمەترە، لە کارێزەوە بە ئاراستەی سلێمان بەگ درێژدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە، دژ بە تیرۆریستانی داعش، لە دوای رووداوەکانی 2017 ەوە ئەو ناوچانە هیچ هێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لێ نەما، بەم رێککەوتنە ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە.
دەربارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچەکانی دیکە، لیوا قارەمان وتی، لەئێستادا هیچ گفتوگۆیێک نییە، بەڵام ئەم رێککەوتنە سەرەتایێکی باشە بۆ رێککەوتن لەسەر تەواوی ناوچەکانی دیکە، هەرچەندە بڕیار بوو هەفتەی پێشوو کۆبوونەوە بکرایە، بەڵام دواخرا و بەمنزیکانە بڕیارە کۆ ببینەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment