شەڕی تورکیا و پەکەکە یەکپارچەیی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە

بەشی جیهان- ڕابێرت هالفۆن دەڵێت پێکدادانی تورکیا و پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان قەڵەمڕەوی کوردەکانی عێراقی خستۆتە مەترسییەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕابێرت هالفۆن، نوێنەری موحافیزەکار لە پەرلەمانی بەریتانیا لە یادداشتێکدا کە لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، پێکدادانی تورکیا و پەکەکە لەنێو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە زیانی کوردەکان وەسف دەکات.

ناوبراو لە یادداشتەکەدا کە لە ماڵپەڕی خانەی میللەت-ی موحافیزەکارەکان بڵاو کراوەتەوە، دەڵێت هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی کوژرانی خەڵکی سڤیل و چۆڵ بوونی ژمارەیێکی زۆر لە گوندە کوردنشینەکان لە عێراق.

هالفۆن زیادی کرد: حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە بە تورکیا و پەکەکە بڵێت کوردستانی عێراق نەکەنە گۆڕەپانی پێکدادانی خۆیان. نوێنەرەکەی پەرلەمانی بەریتانیا بڕوای وایە شەڕ ڕێگاچارەی پرسی کوردی تورکیا نییە و ئەنقەرە و پەکەکە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن.

ڕابێرت هالفۆن هەروەها ئاماژە دەکات بە کێشە و قەیرانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕوای وایە تەنانەت ئەگەر کێشەکانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت چارە بکرێن، ئەم بابەتە کاتییە و دەبێت بۆ چوونەدەر لە قەیرانەکان چارەسەری باشتر بدۆزرێتەوە.

هالفۆن جەخت دەکاتەوە کوردانی عێراق ڕۆڵێکی گرینگیان لەشەڕی داعشدا بووە و ئێستاش لەبەرەکانی شەڕی ئەو گرووپە تیرۆریستییەدان بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بەریتانیایشەوە ئاوڕی لە دەوری گرینگی کوردەکان لەو شەڕەدا نەداوەتەوە، وڵاتان دەبێت پشتگیریی زیاتریان لە کوردەکان کردبا.

ناوبراو لەبارەیسیاسەتی بەریتانیا لەبارەی کوردەکانی عێراقەوە دەڵێت بەریتانیا سیاسەتی پشتگیری لە هەرێمی کوردستانی بەهێز لەچوارچێوەی عێراقی یەکپارچەدا دەکات و تۆکمە کردنی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندیی بەریتانیادایە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189350

Your Comment

You are replying to: .
captcha