کوردپرێس:
بەهۆی پێنەدانی مووچە کانیان، لە ڕۆژی ١٦-٦ پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە، ڕۆژانەش بە بەردەوامی بە جلی سەربازییەوە، دەچنە بەردەم باخی گشتی، تائێستا هیچ کەسێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەڕۆیشتوون، ئەمڕۆش بەشێکی کارمەندانی هاتووچۆ بە زۆر براونە سەر شەقام بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی نزیکەی ٢٧٤٠ کارمەندی پۆلیسی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە، پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە ماوەی شەش کاتژمێر لەسەر شەقام و فولکە و ترافیکەکان دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆ و پێدانی ڕێنمایی بە شۆفێران.
داهاتی هاتووچۆی سلێمانی، لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩دا ٦٧ ملیارو ٧٧٩ ملیۆن و ٤٥٦ هەزار دینار بووە، لەو ماوەیەشدا خەرجی هاتووچۆ ١٠ ملیار و ٢٢ ملیۆن و ٩٧٨ هەزار دینار بووە، ئەمەش واتە ٥٨ ملیار و ٧٥٦ ملیۆن و ٤٧٨ هەزار دینار داهاتی ئەو دەزگایە بووە، لەگەڵ ئەم داهاتە زۆرەی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بۆ حکومەتی کۆدەکاتەوە، بەڵام ئێستا وەک خۆیان دەڵێن حکومەت هیچ باکی بەوان نییە، تەنانەت یەک وشەشی دەبارەی کێشەی ئەوان نەوتووە.
ئەو کارمەندانە ماوەی ٢١ ڕۆژە بەردەوام دەچنە بەردەم باخی گشتی سلێمانی، دوو داواکاریان هەیە، یەکەم دەبێت هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچە وەربگرن، هەروەها ئەو ٢١٪ی لە مووچەکانیان بڕدراوە بۆ چاککبکرێت و مووچەی تەواو وەربگرن، بەڵام هیچ کەسێک نییە وەڵامێکیان بداتەوە.
Your Comment