کوردپرێس:
گرووپی تیرۆریستیی داعش ساڵی 2014 هەڵیکوتایە سەر ناوچە ئێزدی نشینەکانی شنگال و سەربای ئەوەی هەزاران پیاوی ئێزدیی شەهید کرد، چەندین هەزار ژن و کچیشی بە دیلی و کۆیلەیی برد و تا ئەم کاتەش چارەنووسی زۆربەی ڕفێندراوان نادیارە.
داعش بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشەکان دژی خۆی بکات لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی مینی چاندووە و هەر ئەوەش مەسەلەی گەڕانەوەی کوردە ئێزدییەکان بۆ زێد و باوانی خۆیان تووشی خەلەل دەکات.
ڕۆژنامەی گاردیەن لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی لیژنەیێکی پووچەڵ کردنەوەی مین لە لایەن ژنانی کوردی ئێزدییەوە پێکهێنراوە کە ئامانجی لیژنەکە ئەوەیە ناوچەی شنگال لە ئەڵغامەکانی داعش پاک بکاتەوە بۆ ئەوەی زەمینە فەراهەم بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیە.
هانا خدر یەک لە ژنە ئێزدییەکانی سەرپەرشتیاری پووچەڵ کردنەوەی مینەکانە کە بە ڕۆژنامەی گاردیەنی وتووە ئێزدییەکانی ئەو ناوچەیە پێش هێرشەکەی داعش ژیانێکی ئارامیان بوو بەڵام پاش 2014 هەموو شت گۆڕا و هەرگیز ژیان نەگەڕایەوە باری ئاساییی خۆی.
ئەو ژنە ئێزدییە دەڵێت زۆر کەس بە هۆی ئەو مینانەوە گیانیان لە دەست داوە کە داعش چاندوونی و تەقریبەت هەموو ڕۆژێک باسی تەقینەوەی ئەو ئەڵغامانەی دەبیسرێت و گیانی ژمارەیێک لە ئێزدییەکان لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکە دەستێنێت.
هانا خدر دەشڵێت زیاترین ڕێژەی ئەو مینانە لە باشووری چیای شەنگالە کە ماوەیێکی زیاتر بە دەستی داعشەوە بوو.
ناوبراو ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکان لە دێرگەڕانەوەی 300 هەزار ئاوارەی کوردی ئێزدی بۆ شەنگال ئەوەیە ڕێژەی مینەکان لەو ناوچەیە زۆرن.
هەڵسووڕاوانی مەدەنیی ئێزدییش دەڵێن حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق خزمەتگوزارییان لەو ناوچە ئێزدینشینانە نیە چوونکە لە سەر شنگال ناکۆکن. بۆیە خزمەتگوزاریی پزیشکی و پاککردنەوەی ناوچەکە لە مینە چێندراوەکان زۆر بەخاوی دەڕوات هۆکارەکەشی هەمان پشتگیری نەکردن و ململانێی بەغدا و هەولێر لە سەر شەنگالە.
Your Comment