کوردپرێس:
دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هەریەك لە لیژنەكانی "ناوخۆ، پێشمەرگە، پەیوەندیەكان و ڕەوەندی دەرەوە"ی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوون لە بۆردوومانەکان و زانینی ڕێژەی زەرەر و زیانەکان ڕاسپارد، ئەمڕۆ ئەو سێ لیژنەیە کۆبوونەوە و بریاریاندا لە هەرچوار پاریزگاکەی هەرێم بەدواداچوون بکەن و ڕاپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە بکەن.
شاخەوان رەئووف سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، ئەوە جاری یەكەم نییە توركیا و ئێران بۆردوومان تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكان دەكەن و سنوورەكان دەبەزێنن، جگە لەوەش هاوڵاتیان شەهید و بریندار دەکەن و زیانی ماددی بە ژینگە و سەرو ماڵی هاوڵاتیان دەگەیەنن.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، دەیانەوێت هۆكاری ئەو دەستدرێژی و پەلامارانە بۆ ڕایگشتی و پەرلەمان ئاشکرا بكەن، وتیشی، بەپێی یاسا و دەستوور ئەو دەستدرێژییانە شكاندنی شكۆی هەرێمی كوردستانە.
هاوكات عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لێژنەی كاروباری پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی راپۆرتێکەوە بەدواداچوون بۆ خاڵە سنوورییەكان و دیاریكردنی زەرەر و زیانەکان و هۆكارەكانی بۆردوومانەکان دەکەن و حكومەتی هەرێم و عیراقی لێ ئاگاداردەكەنەوە.
Your Comment