کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 8ی پووشپەڕی 1399 سێ هاووڵاتیی شاری پاوە لە ناوچەی هەورامان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری چیاکاندا شەهید بوون و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
ئارەش لهۆنی نوێنەری خەڵکی هەورامان لە پەرلەمانی ئێران پێوەندیی بە سەرۆکایەتیی ژینگەپارێزیی ئێرانەوە کردووە و داوای لە عیسا کەلانتەری سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی کردووە سەنتەرێکی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگری چیاکان لە ناوچەی هەورامان بکرێتەوە.
لهۆنی لە پێوەندییە تەلەفونییەکەیدا داوای لە کەلانتەری کردووە سەردانی ناوچەی هەورامان بکات و لە نزیکەوە ئەو بابەتە تاوتوێ بکرێت.
نوێنەری خەڵکی هەورامان ئەوەشی بە سەرۆکی ژینگەپارێزیی ئێران وتووە کە کەمتەرخەمیی دامودەزگای پێوەندیدار لەو بارەیەوە قبووڵ ناکرێت چوونکە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچەیە ساڵانە چەندین جار ڕوو دەدات و ئێمە شەهیدبوون و قوربانی بوونی ژینگەپارێزان و هاووڵاتییانی مەدەنی لەو ڕووداوانەدا دەبینین.
ناوبراو داوای کردووە سەنتەرێکی تەیارکراوە و تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگری چیاکان بە فەرمانبەری ڕاهێنراو و مەشقپێکراو بە شێوەی هەمیشەیی لە ناوچەی هەورامان بکرێتەوە و ئەوەش پێویستی بە کاری خێرا هەیە.
شایانی باسە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و چیاکانی کوردستان و هەورامان بۆتە کێشەیێکی جیدی و ساڵانە بە دەیان جار ڕووداوی هاوشێوە لە بەشە جیاجیاکانی هەورامان و کوردستان ڕوو دەدات و هاووڵاتییانی مەدەنی و فەرمانبەرانی ژینگەپارێزی لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگردا بوونەتە قوربانی و لە ڕووداویێکی هاوشێوەدا ساڵی پار دوو ئەندامی ئەنجومەنی چیای سەوزی مەریوان و فەرمانبەرێکی ژینگەپارێزی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی سەڵەسی و سێف شەهید بوون.
Your Comment