مەسروور بارزانی: سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کۆ بووەوە و دەڵێت، هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت و دەشڵێت: سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ناکەین.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەممە 30-06-2020، لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنکار لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی کۆ بووەوە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە و تیشکی خستووەتە سەر سەردانی هەفتەی رابردووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

لە کۆبوونەوەکە مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراوبێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە رەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لەسەر ناکات.

رۆژی 23-06-2020 شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لە ماوەی دوو رۆژدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبی لە بە‌غدا کۆبوونەوە. بەڵام کۆبوونەوەکانی ھەولێر و بەغدا بێ ئەنجام بوون و بەھۆی مەرجەکانی حکومەتی عێراق نەگەیشتنە رێککەوتن.

بەغدا لەبری رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت، داوای رادەستکردنی داهاتی نەوتەکەی کردووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە بەرامبەر سەرجەم داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، تەنیا 453 ملیار دینار بە ھەرێمی کوردستان بدات. بەغدا داوایکردووە لەپاڵ دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل، دەروازەیێکی نوێ بکاتەوە کە راستەوخۆ لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی ئەو داواکارییانە، گوتوویەتی، دەستوور رێگەی بە ھەرێمەکان داوە خۆیان سیاسەتی دارایی خۆیان داڕێژنەوە، نەک ناوەند، ئەوەی ئێوە (بەغدا) داوای دەکات پێشێلی روونی دەستوورە.

News Code 189188

Your Comment

You are replying to: .
captcha