«هەڤال عیسا» ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا P.Y.K.S)) لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە چۆن چاو لە دانیشتنی ژەنراڵ کۆبانێ لەگەڵ خانەوادەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی شاری عامودا لە کوردستانی سووریا کە لە ساڵی 2013 لەلایەن هێزەکانی پارساتی گەل-ەوە کرانە ئامانج دەکەن وتی: ئەم هەوڵە ژەنراڵ کۆبانی هەنگاوێکی دروست بوو و پشتگیریی لێدەکەین و هەروەها هەر هەڵمەتێک کە بۆ چارەسەریی کێشەکان بێت ئێمە پێشوازیی لێدەکەین.
ناوبراو درێژەی دا: ئەو داوای لێبووردنەی یەپەگە لە هاووڵاتییانی عامودا خزمەت کردن بە خەڵک و میللەت و ئاشتیی لێدەکەوێتەوە و هەروەها ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە دانووستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد هەڵمەتێکی پێویستە بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد.
ناوبراو زیادی کرد:بڕوامان وایە لە ڕێگای لێکتێگەیشتنی سیاسی و گفتوگۆیەوە دەتوانین کێشە ناوخۆییەکانمان چارەسەر بکەین بەو مەرجەی بڕوای ڕاستەقینەمان بە دانوستان ببێت.
هەڤال عیسا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێمە پشتگیریی لەو هەڵمەتە دەکەین و پێویستە دڵنەوایی لە بنەماڵەی کوژراوان بکرێت و ئاوڕ لە داخوازییەکانیان بدرێتەوە.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا P.Y.K.S)) وەبیری هێنایەوە: ئێمە لە خاڵێکی هەستیاری مێژووی سووریاداین و پێویستە هێزە کوردییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە یەکگرتوو بن.
نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە ئەڵمانیا لەبارەی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا زیاتر وتی: هەنگاوێکی دروست هەڵگیردراوە و ئێمە وەکوو حزبی یەکێتیی کوردستانی بەهەموو هێزەوە پشتگیرییی لێدەکەین و چاوەڕوانی دەستپێکردنی خولی دووهەمی دانوستانەکانین.
هەڤال عیسا زیادی کرد هیوادارم بە دەستپێکردنی خولی دووهەمی دانوستانەکان هەندێک بابەتی گرینگ وەکوو پرسە ئیداری و سەربازی و ئابوورییەکان چارەسەر بکرێن تا یەکگرتنی ڕاستەقینە دەستەبەر بکرێت.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانیی سووریا P.Y.K.S)) ڕاشیگەیاند: ئێمە ئامادەین لە بەرژەوەندیی خەڵک لەهەموو هەڵەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک خۆش ببین.
هەڤال عیسا ئەوەشی وت هیچ کان لە لایەنەکان بە تەنهایی ناتوانن مافی گەلی کورد لە سووریا دەستەبەر بکەن و تەنها لە ڕێگای یەکڕیزییەوە ئەم هەنگاوە هەڵدەگیردرێت.
کۆدی هەڤالنێر: 60113
Your Comment