ئەو کێشانەی بوونەتە ئاستەنگ بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا

بەشی جیهان- ئیرینا تێزۆکرمەن توێژەری کەرتی جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە شرۆڤەیێکدا دەڵێت پڕۆژەی یەکخستنی کوردەکانی سووریا ئەنجامێکی دڵخۆشکەری ئەوتۆی نابێت ئەوش لەبەر چەند هۆکار: یەکەم ئەوەی جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان گرووپە کوردییەکانی سووریا هەیە دووهەم ئەوە هەندێک لە کوردەکان وابەستەییی فکرییان بە هەرێمی کوردستان هەیە و هەندێکی دیکەشیان لە کوردەکانی تورکیاوە نزیکن سێهەم ئەوەی تورکیا بە توندی دژایەتیی دامەزرانی بەرەیێکی یەکگرتووی کوردییە لە سووریا و لە ئەنجامدا ئەمریکاش بە ڕژدی پشتگیریی کوردەکانی سووریا ناکات.

کوردپرێس:

ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (PYD) وەک دوو لایەنی سەرەکیی کورد لە سووریا پێش چەند مانگ لە سەر دەستپێشخەریی مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدە و بە پشتگیریی ئەمریکا دەستیان بە دانوستان کردووە ئەوەش پاش دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا دژی کوردەکانی سووریا کە لە 2018 و 2019 ئەنجامی دا و بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکانی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریای داگیر کرد.

ئیرینا تێزۆکرمەن توێژەری کەرتی جیۆپۆلەتیک و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە شرۆڤەیێکدا باسی بەشداریکردنی ئەمریکا لە پڕۆژەی یەکخستنی کوردەکانی سووریا دەکات و دەڵێت ئەو هەڵمەتە شتێکی زەروورییە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکات کە کورد دەستەبەری کردوون. بەڵام بڕوای وایە ئەمریکا بە شێوەی پێویست داکۆکی لە سەر ئەو بابەتە ناکات و بەو بۆنەشەوە پڕۆژەی یەکخستنی کوردەکانی سووریا تووشی چەڵەمە و کێشەی جدی دەبێت.

بە وتەی ناوبراو یەک لە جدیترین کێشەکانی بەردەم پڕۆژەی یەکخستنی کوردی سووریا ئەوەیە ڕاجیاوازی و پەرتەوازەیی لە نێو کورد زۆرە. تێزۆکرمەن دەشڵێن لە هەرێمی کوردستان دوو لایەنی سەرەکیی پارتی و یەکێتی چەندین ساڵە دەسەڵات دەگێڕن بەڵام ئێستاش کێشە و ڕاجیاوازیی جدییان لەگەڵ یەک هەیە و ئەم ناکۆکییانەش لە قۆناغە هەستیارەکاندا بە زیانی هەر دوو لا دەشکێتەوە.

ئەو توێژەرە هەروەها ئاماژەی بە ناکۆکی و ڕاجیاوازیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە لە سووریاش کردووە و دەڵێت ئەو لایەنە یەکتر بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاوکاریی دەوژمنانی کوردیان کردووە.

ئەو توێژەرە ئەمریکییە باسی ئەوەش دەکات کە دوو لایەنی کوردی لە سووریا لە سەر هەندێک تەوەری وەک فیدراڵیزمی دیموکراسییانە و خۆبەڕێوەبەری و پێوەندی لەگەڵ کوردەکانی تورکیا ڕاجیاوازییان هەیە و لە بارەی پێوەندییان لەگەڵ عەرەبەکانی باکووری سووریا و ئیدارەکردنی ئەو ناوچانەی زۆرینەیان عەرەبن دیسان لەگەڵ یەک ناکۆکن. ناوبراو ئەمریکا بە بەرپرسیاری سەرەکیی کێشەی ناوچە کوردنشینەکان دەزانێت چوونکە بە قەناعەتی ئەو توێژەرە ئەمریکییە، ئەمریکا لە جیاتی ئەوەی قەناعەت بە ئەردۆغان بهێنێت کە پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکایە هەوڵ دەدات شەرعییەت بە نیگەرانییەکانی ئەردۆغان لەبارەی ئیدارەی خۆسەری کوردی بە سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات بدات. ئێستاش ئەمریکا کار بەو ئاراستەیە دەکات و هەوڵ دەدات بە یەکخستنی ئەنەکەسە و پەیەدە بە تورکیا بڵێت کە پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات تاکە لایەنی کوردیی سووریا نیەو لایەنەکانی دیکەش هەن بۆیە بەم شێوەیە نیازیەتی لە دانووستانەکانی ژنێڤدا کورسییێک بۆ کوردەکان دەستەبەر بکات.

ئەو توێژەرە لەو قەناعەتەشدایە کە ئەگەر ئامانج لە دەستەبەرکردنی یەکێتیی نێوان کوردەکانی سووریا نەکردنی ڕوانگەی تورکیا لەبارەی پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات بێت دوور نیە ئەو ئامانجە نەگاتە ئەنجام چوونکە ئەردۆغان پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات بە پەکەکە دەزانێت و پەکەکەش بە کورد دەزانێت و هە ئەمەشی کردووە بە بیانوو و دارەدەست بۆ شەرعیەت بەخشین بە هێرشەکانی خۆی لە سووریا. تورکیا هەر ئەم پاساوەشی کردۆتە بیانوو بۆ لابی کردن لە واشەنتن و ڕاکێشانی ڕای ئیدارەی ترەمپ و لە ئەنجامیشدا توانیی ترەمپ ڕازی بکات هێزەکانی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد بکشێنێتەوە بۆ ئەوەی تورکیا بتوانێت هێرش بکاتە سەر کورد.

قادر شێخمووس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوی ستار بۆ گەشەپێدان، دەڵێت هۆکاری سەرەکیی شکستهێنانی پڕۆژەی یەکخستنی کوردی سووریا هەمان ستراتێژیی لاوازی ئەمریکایە. بە ڕای ناوبراو، پشتگیری کردنی ئەمریکا بۆ کوردەکانی سووریا شتێکی سیاسی و بەڕواڵەتە و لەو ئاستەدا نیە کە بتوانێت پێگەی کوردەکان لە سووریا بەهێز بکات.

ناسر حاجی مەنسوور ڕاوێژکاری پێشووی مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هەسەدەش دەڵێت ئەگەرچی کوردی سووریا لە دانووستانەکانی خۆیدا گەشتۆتە قۆناغێکی گونجاو بەڵام کێشە سەرەکییەکان لە سێ ئاستدا ڕێگری لە یەکگرتنی کورد دەکات. بە بڕوای ناوبراو ئاستی یەکەمی کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ خودی کورد و نێوماڵی کوردی سووریا کە واقیعی سیاسی و مێژوویی و جوگرافیاییی مەسەلەی کورد و ڕاجیاوازیی سیاسیی نێوان لایەنە کوردییەکان دەگرێتەوە.

ئەو سیاسەتوانە کوردە هەروەهاش بە ئیرینا تێزۆکرمەنی وتووە ئاستی دووهەمی کێشەکان مەسەلەی ڕاجیاوازیی سیاسیی نێوان حیزبەکان لەبارەی پێکهاتە و ڕیشە و بنەمایان و کارتێکەریی ئەم جیاوازییانە لە سەر کۆمەڵگەی کوردییە لە سووریا. ئاستی سێهەمی کێشەکانیش پێوەندیی بە دژایەتیی هەندێک وڵاتی ناوچەکە و بەتایبەتی تورکیا لەگەڵ مەسەلەی پێشخستنی مەسەلەی کورد لە سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا ئێستا.

لە ئەنجامدا ئەو توێژەرە ئەمریکییە لەو قەناعەتەدایە کە سەرکەوتنی پڕۆژەی یەکگرتنی کوردی سووریا لە بەر چەند کێشەی سەرەکی، بەستراوە بەوەوە کە ئەمریکا تا چ ڕادەیێک لەو مەسەلەی ڕژد بێت و تا چەند یارمەتیی کورد بدات بەڵام پڕۆژەی یەکگرتن و دانوستان بەم پشتگیرییە سنووردارەی ئەمریکاوە، ئەنجامێکی دڵخۆشکەری لێناکەوێتەوە.

News Code 189166

Your Comment

You are replying to: .
captcha