پەکەکە شەرعیەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەدات/ هەدەپە دامەزراوەیێکی سەر بە میت-ی تورکیایە

بەشی تورکیا- سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی (HAK-PAR) دەڵێت: پارتی دیموکراتیکی گەلان بە پارتێکی کوردی و دیموکراتیک نازانین.

«لەتیف ئاپۆزدمیر» سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی (HAK-PAR) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە تورکیا و ڕایگەیاند: ئێمە وەکوو حزبی هاکپار، پارتی دیموکراتیکی گەلان بە حزبێکی نیشتمانی و دیموکراتیک نازانین. هەرچەند کە بەشێک لە دەنگی کوردانی تورکیا بەم پارتە دەدرێت بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەدەپە حزبێکی کوردیە و بۆ کورد کاری سیاسی دەکات.

ناوبراو درێژەی دا: بە ڕای من هەدەپە حزبێکی تورکیاییە و خۆیانیش دانیان بەمەدا ناوە. ئێمە وەکوو حزبی ماف و ئازادی هەدەپە بە حزبێکی کوردی نازانین چوونکە هەدەپە هیچ کات باسی لە مافی کورد نەکردووە و خۆی سەرقاڵی سیاسەتی تورکیا کردووە.

ناوبراو دەشڵێت: ئەمە هەڵەیێکی زۆر گەورەیە کە حزبی دیموکراتیکی گەلان وەکوو حزبێکی کوردی ناوزەد بکەین هەر چەند کە تورکیا ئەم حزبە بەفەرمی بناسێنێت چوونکە پێش ئەوەی کە هەدەپە دابمەزرێت بریکاری وەزیری دەروەی تورکیا ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتیکی گەلان لەلایەن ڕێکخراوی هەواڵدەری و ئەمنیەتیی تورکیات (میت) و عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دامەزراوە و تا ئێستاش هەدەپە ئەم بابەتەی ڕەت نەکردووەتەوە.

لەتیف ئاپۆزدمیر ئاشکرای کرد ئێمە وەکوو حزبی ماف و ئازادی بڕوامان وایە کە پارتی دیموکراتیکی گەلان ڕەوتێکە کە لالەیەن حکوومەتی تورکیاوە دامەزراوە تا ڕێگری بکات لە گەیشتنی کوردەکان بە دەسکەوتی نیشتمانی و دیموکراتیک.

سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی (HAK-PAR) ئاماژەی دا بە سیاسەتی حزبەکەی لە تورکیا و وتی: پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەش کردنی کوردستان، هەر بەشێکی کوردستان و تایبەتمەندیی سیاسیی جیاوازی خۆی هەیە. هەرچەند کە کوردەکان لە یەک نەتەوەن بەڵام پاش سایس پیکۆ چارەنووسی جیاوازیان کەوتە بەردەم. ئێستاش کوردەکان لە هەر پارچەیێکدا بەدوا ئازادی و دیموکراسیدان. پێویستە کورد بە ئاوڕدانەوە لە دۆخی هەر بەشێک کاری سیاسی بکەن.

ناوبراو درێژەی دا حزبەکەی ئێمەش ڕەوتێکی دیموکراتە کە بەپێی یاساکانی تورکیا دامەزراوە. ئێمە لە بەرنامەی حزبەکەماندا خوازیاری تورکیایێکی فیدراڵ و ناناوەندیین. ئێمە بڕوامان بە سیاسەتێکی ئاشتی خوازانە و بە دوور لە توندوتیژی لە تورکیایە و بڕوامان وایە کورد دەبێت لەم ڕێگایەوە مافەکانی دەستەبەر بکات.

لەتیف ئاپۆزدمیر ئاماژەی دا بە سیاسەتەکانی پەکەکە و وەبیری هێنایەوە: کوردیش وەکوو میللەتێک لە تورکیا مافێکی یەکسانیان ببێت و زمانی کوردیش هەر لە سەرەتاییەوە تا زانستگا ڕاهێنانی پێبکرێت.

ناوبراو وتیشی هاکپارت دژی توندوتیژییە و بە هیچ شێوەیێک سیاسەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) قبووڵ ناکەین و بەڕای دێمە پەکەکە خەساری زۆری داوە لە کوردی تورکیا و کوردانی دیکەش لە نبەشەکانی دیکەی کوردستان.

سکرتێری گشتیی حزبی ماف و ئازادی (HAK-PAR) لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە هەڵویستی ئێوە لەبارەی هێرشی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان چیە وتی: ئێمە لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و کوژرانی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەدا بەیاننامەمان دەرکردووە. لە بەیاننامەکەدا ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە سەرتا دەبێت تورکیا کۆتایی بە هێرشەکان بێنێت. چوونکە ئەم هەڵمەتە تەنها خەساری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە. دووهەم حکوومەتی تورکیا بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان مافی ئەوەی نییە داخڵی خاکی هەرێمی کوردستان ببێتەوە چوونکە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسا ناوچەیێکی فەرمی لە دەستووری عێراقدایە و ئێمە دژی هەڵمەتەکانی دەوڵەتی تورکیاین.

لەتیف ئاپۆزدمیر درێژەی دا: ئێمە دژی بابەتێکی دیکەشین. بە بڕوای ئێمە هێرشی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی سیاسەتەکانی پەکەکە-یە. ئەگەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە حکوومەتی تورکیا بیانوویێکی بۆ دەستوەردان لە هەرێمی کوردستان نامێنێت.

ناوبراو دەڵێت: ئەگەر پەکەکە هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات مانەوەی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان شەرعیەتی نابێت. ئێمە لە بەیاننامەکەماندا داوامان لە تورکیا کردووە واز لە هەڵمەتە سەربازییەکان بێنێت و لە هەرێمی کوردستان بکشێتەوە و هەروەها داوامان لە پەکەکە کردووە هەرێمی کوردستان چۆڵ بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189152

Your Comment

You are replying to: .
captcha