کوردپرێس: حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە سەرۆکایەتیی عادل عەبدولمەهدی مانگی گوڵانی 1399 فەرمانی بە وەزارەتی دارایی وڵاتەکەی دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت. ئەو بڕیارەش بەو چەشنە کە ڕاگەیێندرا بەهۆی پێبەند نەبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕادەست کردنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغداد، درا. بڕیارێک کە بەهۆی هاوکات بوونی لەگەڵ دەبەزینی نرخی نەوت و کەم بوونەوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان زۆر دژوار بوو بۆ ئەو ناوچەیە. کوردپرێس لەمبارەوە گفتوگۆیێکی لەگەڵ ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی کۆمیسیۆنی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەنجام داوە کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:
کوردپرێس: پێتان وایە بەغدا بۆچی بڕیاری دا بە بڕینی بوودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: بڕینی بوودجەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە کە یەکیان سیاسییە و ئەوی دیکەیان ئابوورییە. هۆکارە سیاسییەکەیان ئەوەیە کە کاتێک عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکار کشایەوە هیچکام لە حزبە کوردییەکان، واتا ئەو حزبانەی کە زۆر نزیک بوون لە عادل عەبدولمەهدی نیگەران نەبوون لەوەی کە ناوبراو ئیستیقالەی کردووە و بە پێچەوانەوە دەنگیان دا لەسەر ئیستیقالەکەی یان ڕازی بوون لەسەری. لە لایێکی دیکەوە هێزە کوردییەکان بۆ عادل عەبدولمەهدی دەیان مەرجیان دانیا تاوەکوو پشتگیری لە حکوومەتەکەی بکەن و لە موقابیلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم قبووڵی ئەوەیان کرد کە دەنگی پێبدەن بەڵام بۆ مستەفا کازمی بەبێ هیچ ئیتیفاقێک هەموو هێزە کوردییەکان پشتگیرییان لێکرد.
بابەتە وابووری و ئیقتیسادییەکەی ئەمەیە کە وەزعی عێراق لە ئێستادا ئەوندە لە وەزعێکی نالەباردایە کە ئەگەر موقارنە بکەی لەسەر داهاتەکای عێراق لەساڵی 2019 بەردەوام عێراق بایی 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە بەڵام لە ئەمساڵدا لە 2020 لە مانگی دوودا بووەتە 5 ملیار و 51 ملیۆن دۆلار. لە مانگی 3دا بووتە 3 ملیار دۆلار و لە مانگی 4دا تەنها بووەتە 1 ملیار و 500 ملیۆن کەواتە عێراق تەنها بۆ مووچەی خۆی پێویستی بە 3 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار هەیە کە واتا پێویستی بە 2 ملیار دۆلار قەرز هەیە کە نازانێت لە کوێی بێنێت. ئەم دۆخە گوشارێکی زیاتری خستۆتە سەر حکوومەتی ناوەندیی عێراق بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەست نەکردووە و واقعی عێراق ئەوە کە داهاتی نەماوە.
کوردپرێس: ئایا بە گوێرەی یاسای بنەڕەتی و بە تایبەت یاسای بوودجەی ساڵی 2019 بەغدا ئەو مافەی هەیە بودجەی هەرێم ببڕیت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: بەپێی یاسای بنەڕەتیی عێراق مادەی 30ی دەستووری عێراق باس لەوە دەکات کە دەوڵەت واجبە لەسەری کە ژیانی شایستە بۆ تاکەکانی وڵات فەراهەم بکات. لە قانوونی ئیدارەی مالیدا ئەگەر بوودجە تەشریع نەکرا ئەوە بوودجەی ساڵی پێشوو یەک لەسەر دوازدەی سەرف دەکرێت. بەو حوکمەی ساڵی 2019 هەموو مانگێک 453 ملیار هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان، بەپێی مادەی 13 ئەبێت ئیستەش یە لەسەر دوازدەی ساڵی پار واتا 453 ملیار دینار بنێرێت ئەوەی کە ئەوان ئیعتیمادیان کردووە و مادەی 27 فەقەرەی 5 ئەڵێت کە هەر هەرێمێک یان پارێزگایێک نەوت و شایستە ئیتیحادییەکانی ڕادەست نەکرد ئەوە دەکرێت بوودجەکەی ببڕدرێت. ئەوە بۆ بوودجەی گشتی دەکرێت و لە کاتێکی ئاسایدا دەکرێت بەڵام لەسەر یاسای یەک لەسەر دوازدە ئەم بڕیارەی حکوومەت بڕیارێکی تەواو نایاساییە و جۆرێکە لە بەهانەو گێچەڵ فرۆشتن بە هەرێمی کوردستان.
کوردپرێس: بەپێی دابەزینی نرخی نەوت؛ بوودجە و داهاتی حکوومەتی ناوەند لە چ بارودۆخێک دایە؟ (ئامار و داتا) و کورتهێنانی بوودجە چەند دەبێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: نرخی نەوت لە ئێستادا کە لەنزیک 20 دۆلارە، عێراق لە مەوازەنەکەیدا بە 53 دۆلار دایناوە کە واتا دەتوانین بڵێین 33 دۆلار لەو نرخە ئەساسییە کە ئەوان پێش بێنییان کردووە کەمترە؛ ئەگەر 33 دۆلار بێت کەواتە نزیکەی 40 ترلیۆن کورتهێنان زیاد دکات کە لە ئەسڵیشدا خۆی 48 تریلیۆن کورتهێنانی هەبووە ئەو بوودجەیە کە تەخمین کراوە لە وەزارەتی دارایی کە بەگشتی نزیکەی 90 تریلیۆن دینار ئەم بوودجەیە کورتهێنانی دەبێت کە هیچ بوودجەیێک لە دونیادا بەو شێوەیە داناڕێژرێت.
بۆیە لەئێستادا عێراق هەم داهاتەکانی کەمی کردووە و هەم نەوتیشی نافرۆشرێت بۆیە وەزعی عێراق لەڕووی ئابوورییەوە لەبارێکی زۆر خراپدایە.
کوردپرێس: بەم بارودۆخەی عێراق لە ڕووی داهات و بوودجەوە ئایا توانای پێدانی بوودجەی هەرێمی کوردستانی هەیە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەروەها کە پێشتر ئاماەژەم پێکرد بابەتە ئابووریەکەی ئەوەیە کە عێراق لە ئێستادا خۆی گرفتی هەیە کە مووچەی هاووڵاتییانی خۆی بدات چوونکە عێراق مانگانە پێویستی بەنزیکەی 7 تریلیۆن دینار هەیە بۆ ڕایی کردنی ئیشی مانگانەی بەتایبەتی کە 3 ترلیۆن و نیوی دەوێت بۆ مووچە، نزیکەی 1 ترلیۆنی دەوێت بۆ مەنافێعی ئیجتیماعی، جگە لە قەرزەکانی ئەمانە بەهەموویەوە عێراق 7 ترلیۆنی دەوێت کە ئێستا عێراق تەنها ترلیۆن و نیوێکی بەدەست هێنابێت نزیکەی 5/5 کورتهێنانی هەیە بۆیە وەزعی عێراق لە خراپترین بارودۆخدایە.
کوردپرێس: بە دابەزینی نرخی نەوت، داهاتی نەوتی هەرێم لە چ ئاستێک دایە و چەند دابەزیوە و چەندی دەستی هەرێم دەگرێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: لە ڕاستیدا گرفتێک هەیە لە نەوتی هەرێمدا بە حوکمی ئەوەی کە تا ئێستا شەفافیەت نییە لە سیاسەتی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا بۆیە دابەزینی نرخی نەوت وایکردووە کە هیچ بڕە پارایێک لۆ هەرێمی کوردستان نەیێتەوە چوونکە ئەو بڕە نەوتەی کە نەوتی برێنت لە ئێستادا لە 20ەکاندایە ئەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق بەنزیکەی 17 دۆلار و 15 دۆلار و ئەوانە بیفرۆشن ئەگەر تێچووی دەرهنانی لێکەم بکەن کە لە 10 بۆ 12 دۆلاری تێدەچێت 4 یا 5 دۆلاری دەمێنێتەوە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش، تەبعەن بۆ عێراق زیاتر دەمێنێتەوە بە حوکمی ئەوەی کە دەڵەتە و سیادەی هەیە بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کەمتر دەمێنێتەوە بۆیە نەوتی هەرێم لە ئێستادا هەرزان فرۆش و هەڕاج فرۆش دەکرێت و ناتوانن واز بێنن لەو عقوودانە چوونکە کاتی خۆی ئیتیفاقیان لەسەر ئەو عقوودانە کردووە.
کوردپرێس: لە ئەگەری پێداگریی بەغدا لە سەر پێنەدانی بوودجە بە هەرێم، داهاتووی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن. ئایا حکوومەتی هەرێم دەتوانێ بوودجە دابین بکات؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: ئەگەر بەغداد بوودجەی هەرێمی کوردستان نەدات پشکی فەرمانبەران نەدات هەرێمی کوردستان نە توانای ئەوەی هەیە مووچە بدان و نە توانای ئەوەی هەیە کاری حکوومەتەکەی ڕایی بکات بۆیە حکوومەتی هەرێم لە ئیفلاس بوون نزیک دەبێتەوە کە ئەوە کارەساتی گەورە دروست دەکات، زەروورە هەموو لایەنەکان بێنە سەر خەت بۆ ئەم بابەتە.
کوردپرێس: هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چ ڕێگایێکی لە بەردەم دایە؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: هەرێمی کوردستان بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە ئێستا بەردەوام شاند دەنێرێت، خۆزگە ئەم شاندانەی کاتێک بناردایێت کە عێراق گوێی لێدەگرتن، لەبەر ئەوەی کە ئێستا عێراق لە دۆخێکی وادایە کە ئامادە نییە کوێ لە شاندەکانی هەرێم بگرێت. بەڵام هەرچی بێت دەبێت لە فشاری ئیقلیمی و فشاری ئەو دۆستانەی کە هەرێم هەیەتی کەڵک وەربگرێت و بتوانێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ڕێکبکەوێت ئەگینا هیچ چارەیێکی دیکەی لەبەردەمدا نییە.
کوردپرێس: پێتان وایە لە حکوومەتی کازمی بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
ئەحمەدی حاجی ڕەشید: بە ڕاشکاوانە بڵێم کازمی لە عادل عەبدولمەهدی باشتر نابێت، تەنها ئەوەیە کە ئەم بشێوی و ئاڵۆزییە سیاسی و ئیداری و ئابوورییانە کە لە حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی دا هەبووە بگوێزرێتەوە بۆ حکوومەتەکەی کازمی و حکوومەتەکەی کازمی هیچی پێناکرێت جگە لەوەی بەردەوام بێت بەم ئەزموونە دەدات.
دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment