«محەمەد ئیسماعیل» کەسایەتیێکی سیاسی لە کوردستانی سووریایە کە زیاتر لە 50 ساڵە لەبواری سیاسەتدا چالاکیی دەنوێنێت و دەرچووی ئەندازیاریی ئاوەدانکردنەوە لە سۆڤیەت-ە و ئێستا لە لەندەن ژیان بەسەردەبات.
ئەم شرۆڤەکاری سیاسیە لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتی نیشتمانیی کورد (PYNK) بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەو دوو لایەنە تەنها گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سیاسی و ڕێککەوتنی کۆتایی بەسراوە بە کەمتربوونی داخوازی سیاسییەکانی ئەم دوو لایەتەوە.
ناوبراو درێژەی دا پارتی یەکێتی دیموکراتیک و حزبە هاوڕێکانی بۆ گەیشتن بە ئەنجام لە دانووستانەکاندا جیدددیترن و لایەنی دیکەش بەبۆنەی ئەو دۆخەی تێدایە زۆر جیددی نییە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسیە لەبارەی نێوەندگیریی ئەمریکا لەو دانووستانانەدا دەڵێت: ئەمریکا بە خۆپارێزیەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەیەدە-دا دەکات و هەوڵ ئەدات بەبۆنەی پێوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە و تۆمەتباربوونی ئەو حیزبە بە تیرۆر لەبواری نێونەتەوەییەوە خۆی بەم بابەتەوە ناتلێنێت بۆیە لەڕێگای سەربازی و پێوەندیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و ژەنراڵ کۆبانێ پێوەندیی لەگەڵ کوردانی سووریا دروست کردووە.
ناوبراو زیادی کرد هێشتا ئەمریکا ڕەسمیەتی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و پەیەدە کە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەیە نەداوە و خۆی لەم بابەتە دەبوێرێت و هەوڵ ئەدات خۆی لە نیگەرانییەکانی تورکیا دوور بخاتەوە.
محەمەد ئیسماعیل ئاشکراشی کرد ئەمریکا لەجێگای تەعامولی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێی کردۆتە بەردەنگ و ئەمەش دەریدەخات بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی کوردی سووریا دەکات.
ناوبراو وەبیریشی هێنایەوە ڕێککەوتنی ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەمریکا زۆر گرینگە چوونکە ڕەنگە لەم ڕێگایەوە بتوانێت بەشداری بە کوردەکان بکات لە دانووستانەکانی ئاشتیدا.
ئەم کەسایەتە سەربەخۆیە لەباەری بەشداریی کورد لە دانووستانەکانی ئاشتیی سووریادا وتی: دەستووری سووریا دەگۆڕدرێت و پێویستە مافی کوردیشی تێدا تۆمار بکرێت. تەعامولی ئێستا لەگەڵ قەندیل و پەیەدە و ئەنەکەسە کارێکی بەجێگەیە و کورد بەلادانی ناکۆکییەکان بیر لە چارەنووسی سیاسیی خۆیان دەکەنەوە.
لەوەڵامی ئەم بابەتەدا کە لایەنە کوردییەکانی سووریا لەبواری ئایدۆڵۆژیاوە لێکتر دوورن و بە چ شێوەیێک ئەم کێشە چارەسەر دەکەن وتی: کێشەی کورد هەر ئەمەیە و شوێنکەوتنی ئایدۆڵۆژیا نەیهێشتووە کورد بگاتە یەکگرتن. بڕوام وایە ئێستا لایەنەکان دەبێت بیر لە یەک ئایدۆڵۆژی بکەنەوە ئەوەش نیشتمانە.
محەمەد ئیسماعیل وەبیریشی هێنایەوە: پێویستە مافی کورد بە فەرمی بناسێندرێت. نزیکەی 40% حەشیمەتی سووریا کوردەکان پێکیدێنن و کورد تەنها لە باکووری سووریا نییە بەڵکوو لە دیمەشق و «جبل الاکراد» و چەند شوێنی دیکە کوردێکی زۆر بوونیا هەیە کە ئەمڕۆکە بەبۆنەی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ کۆمەڵگای عەرەبی بە کوردی هەڤپەیڤین ناکەن. بۆیەش پێویستە کوردەکان لەسەر یەک ستراتێژیی کە مافیان دەستەبەر بکات ڕێکبکەون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment