کوردپرێس:
شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین خاڵیان لە خاکی هەرێمی کوردستان تۆپباران کرد و دەوترێت شوێنی کانەوەی هێزەکانی پەکەکەیە کە کردوویانەتە ئامانج.
جەیران ئۆزجا نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا لە ئەمریکا ئاماژەی بەو هێرشەی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق کردووە و لەو بارەیەوە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە، لە هیچ کاتێکدا هێندەی ئێستا سەرکوتکرانی کورد لە تورکیا قووڵ نەبووە. نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی تورکیا دەستبەسەر دەکرێن و شارەوانی سەر بە هەدەدپە و ڕۆژنامەنووسەکان زیندانی دەرکێن و کورد لە عێراق و لە سووریا دەکرێتە ئامانجی تۆپخانەکانی تورکیا. من خۆم وەک کوردێکی میانەڕەو بەردەوام بە دوای ڕێگاچارێکی میانەڕەوانەدا دەگەڕێم بۆ چارەکردنی مەسەلەی کورد بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەم دۆخە بێ هیواتر دەبم.
ناوبراو بڕوای وایە تۆپبارانەکەی ئەم دوایییەی بارەگاکانی پەکەکە لە عێراق پێوەندیی تەواوی بە جموجوڵی ناڕەزاییی هەدەپە و لایەنگرانی ئەو حیزبە لە تورکیا هەیە.
هۆشیار ئۆزسۆی نوێنەری پارتی دیموکراتیکی گەلان لە پەرلەمانی تورکیاش بە ئەلمۆنیتۆری وتووە بێگومان تۆپبارانکردنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان پێوەندیی بە جووڵە ناڕەزایییەکەی هەدەپە لە تورکیا هەیە.
ناوبراو جەختیشی کردۆتەوە تورکیا بە شەڕ ناتوانێت بە سەر کورددا سەر بکەوێت بەڵکوو تاکە ڕێگاچارە هەمان گفتوگۆ و دیالۆگی ئاشتییانەیە.
Your Comment