پەیەدە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە/ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر مودێلی سەرکەوتووی حوکمڕانی لە سووریایە

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ پەکەکە عەقڵیەتی هاوبەشمان هەیە بەڵام دوو ڕێکخراوی جوداین.

«ئەحمەد شێخۆ» هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەو حیزبە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دانوستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک و ڕاگەیاند:پاش داخوازییەکەی ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ بۆ یەکگرتنی حزبە کوردیەکان دانوستان لەنێوان ڕەوتە سیاسییەکاندا دەستی پێکرد تا بە یەکگرتوویی نێوانیان ڕێگری بکەن لە دەستوەردانی دیتران لە پرسە ناوخۆییەکان.

ناوبراو درێژەی دا ناکۆکی لەنێوان لایەنەکاندا شتێکی سروشتییە. ئەوەی کە ئێمە لە دانوستانەکاندا تەنها ئاماژەی بە پەیەدە و ئەنەکەسە بکەین هەڵەیە چووننکە حزب و ڕەوتی سیاسی دیکەی کوردی بوونیان هەیە کە ڕاوبۆچوونی جیاوازیان لەبارەی داهاتووی کوردستانی سووریاوە هەیە.

ناوبراو زیادی کرد لە ئێستادا بیست و پێنج حزب لەژێر ناوی حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی پێکەوە کۆبوونەتەوە و لە ئەنەکەسە-یشدا تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) نییە کە بەشدار بووە بەڵکوو چەند حزبی دیکە بە ڕای جیاوازەوە ئامادەن. ڕەنگە دوو هێڵی سیاسی هەبێت بەڵام هەر هێڵێک چەند حزبی لەخۆ گرتووە ئەمەش زۆر سروشتیە کە کۆمەڵگا ڕای جیاوازی تێدا بێت.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) لە ناوچەی فورات دەڵێ کورد دەبێت ئەزموون لە مێژووی بەرخۆدانەکانی خۆی وەربرێت یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی کورد نەبوونی یەکڕیزییە و لە زۆرینەی کاتدا دژ بە یەک وەستاون.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە بۆ ئەوەی کە مێژوو دووپات نەبێتەوە و دەسکەوتەکانی کوردی سووریا لەناو نەچن و دووبەرەکیی ناوخۆیی نەبێتە هۆی لێکترازانیان، پێویستیان بە یەکڕیزییە، پێویستە لایەنەکان بۆ دەرک پێکردنی دۆخی هەستیاری سووریا و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان یەکبگرن.

ئەحمەد شێخۆ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە هەندێک دەڵێن پەیەدە سەربە پەکەکە-یە و ئەنەکەسە-یش سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقە، وتی: ئەم بابەتە هەڵەیە ڕەنگە ئەم حزبانە لەبواری ئایدیۆلۆژیاوە لێکتر نزیک بن بەڵام وابەستەیی ڕێکخراوەییان نییە. لە گفتوگۆکاندا دەرکەوت کە چ لایەنێک وابەستەیی هەیە. ئێمە لە دانوستانەکاندا بە چوارچێوەیێکی سیاسی ڕوونەوە ئامادەبووین بەڵام لایەنی دیکە بۆ وەرگرتنی مۆڵەت سەردانی هەولێریان کرد.

ناوبراو جەختی کردەوە ئێمە وەکوو پەیەدە سەربە هیچ ڕەوتێک نین چوونکە ئێمە هێڵ و ڕێکخراوی خۆمان هەیە. ئێمە لەبواری فکریەوە لە پەکەکە نزیکین بەڵام دوو ڕێکخراوی جوداین.

ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا لەنێوان ئێوە و ئەنەکەسە جیاوازی ئایدۆلۆژی هەیە ڕایگەیاند: ئێمە بڕوامان بە سیستەمی کونفدراڵیزم دیموکراتیکو میللەتی دیموکراتیک-ین. ئەمەش بەمانای بێ ڕێزی کردن بە میللەتانی دیکە نییە بەڵکوو هەر نەتەوەیێک بە زمان و بیر و ئایینی خۆیەوە ئاوڕی لێدەدرێتەوە. مێژوو میللەتەکان پڕە لە بێ ڕێزی کردن و پشت گوێ خستن ئەمەشمان پاش شەڕی جیهانی یەکەم لە ئەورووپا بینی.

ناوبراو زیادی کرد لەنێوان ئێمە و ئەنەکەسە ئەم جیاوازییە هەیە. بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نموونەیێکی سەرکەوتووی حوکمڕانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو. ئەم سیستەمە توانی مافی گەلانی دیکەش لەبەرچاو بگرێت و دەتوانێت لە سەرانسەری سووریاش وەکوو مودێلێکی سەرکەوتوو کەڵکی لێوەربگیردرێت.

ئەحمەد شێخۆ درێژەی دا: دوو لایەنەکە دەبێت ڕابۆچوونی یەکتر ببیسن و ئێمە هیوادارین بەزووترین کات یەکبگرین. لە چەند ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەی میللەتی دیموکراتیک توانی سەرکەوتنی خۆی بسەلمێنێت بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە لایەنەکانی دیکە هیچ مودێلێکیان بۆ بەڕێوەبردنی سووریا نییە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 188997

Your Comment

You are replying to: .
captcha