کوردپرێس: رۆژی پێنجشەممە 11-6-2020 گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە دەستی پێکرد و لەمبارەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم هاشم مستەفا، جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دەیڤد هەیل، یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسێکیەوە گفتوگۆیێکی ستراتیژیان کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمرکا گفتوگۆکە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بووە لە ساڵی 2008 و تێیدا باس لە پەیوەندیی ئەمنی، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئابووری، وزە، سیاسی و کولتوری کراوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئەمریکا، هەردوو وڵات رێککەوتن، هەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانیان و هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات، ئەمریکا شاندی عێراقی دڵنیا کردووەتەوە کە بەنیاز نییە بنکەی هەمیشەییان لە عێراق هەبێت و هەروەها هێزەکانیان کەم دەکەنەوە، هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتەکەی کازمی دووپاتکردووەتەوە، بڕیاریشە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ جارێکی دیکە کۆببنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو شاند، جەختیان لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو بنچینانە کردووەتەوە کە لە رێککەوتنی ستراتیژی ئەمریکا و عێراقدا هاتوون، هاوکات شاندەکەی ئەمریکا پابەندی خۆیان بۆ رێزگرتن لە سەرەوەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات کردووەتەوە.
لە ساڵی 2008ـەوە رێککەوتنێکی ئەمنیی ستراتیژی لەنێوان ئەمریکا و عێراق هەیە کە بە رێککەوتنی سۆفا ناسراوە، لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە جێگیربوونی هێزە سەربازییە ئەمریکییەکان لەسەر خاکی عێراق رێکخراوە.
لەسەر پرسی ئابووری، هەردوو وڵات باسیان لەو ئاستەنگە ئابوورییانە کردووە کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، بەتایبەتیش لەم قۆناخە کە نرخی نەوت دابەزیوە و پەتای کۆڤید 19 بڵاوبووەتەوە، باس لەوەکراوە کە پێویستە عێراق چاکسازی ئابووری بکات و ئەمریکاش لەم رووەوە هاوکاری حکومەتی عێراق دەکات لەرێگەی پێدانی راوێژ و هەروەها هەبوونی هاوئاهەنگی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان هەم لە کەرتی وزە و هەمیش لە کەرتەکانی دیکە کە هەلومەرجێکی باش بۆ ئابووری و بازرگانی عێراق برەخسێنن.
لەرووی سیاسییەوە، شاندەکەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ عێراق دووپاتکردووەتەوە، نەک بەتەنیا لە رێگەی هەبوونی پەیوەندی دوولایەنە لەسەر ئاستی سیاسی و ئەمنی، بەڵکو لە رێگەی پشتیوانی لە حکومەتی نوێی عێراق لە بوارەکانی دیکەش. هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا کۆک بوونە لەسەر جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی حکوومەت و بەرنامەکانی چاکسازی لە عێراق بەجۆرێک لە ئاست خواستی گەلی عێراقدا بێت، لە نێویاندا، زیادکردنی هەوڵە مرۆییەکان، گەڕاندنەوەی سەقامگیری، بنیادنانەوەی وڵات و رێکخستنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و داپەروەرانە.
شاندەکەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەبوونی سەروەری یاسا، مافەکانی مرۆڤ و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان لە عێراق دەربڕیوە، بەتایبەتیش ئەو پێکهاتانەی لەلایەن داعشەوە جینۆسایدکران.
رۆژی 5ی کانوونی دووەمی 2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دا، ئەمەش وایکردووە کە پێویست بکات واشنتن و بەغدا بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە و ئەم گفتوگۆ ستراتیژییە دەستپێبکەن.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە: لەگەڵ کەم بوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کەم کردنەوەی هێزەکانیان لە عێراق، هەروەها لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەردەوامدەبن لەبارەی چۆنیەتی مانەوەی هێزەکانی دیکەیان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات. هاوکات شاندی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە کە بەدوای ئەوە نین بنکەیەکی سەربازی هەمیشەییان لە عێراق هەبێت کە ئەمەش لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوانیان لە ساڵی 2008دا هاتووە. شاندەکەی عێراقیش پابەندی وڵاتەکەیان دووپاتکردووەتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەیاندا.
لە رووی کولتوورییەشەوە هەردوو وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکانیان و هاوکات هەردوولا باسیان لە گەڕانەوەی ئەو کەلوپەلە کۆن و ئەنتیکە دزراوەکان لە عێراق کردووە، لەگەڵ ئارشیفەکانی حیزبی بەعس.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو شاند بە بایەخەوە باسیان لە پەیوەندیی ستراتیژی نێوانیان کردووە و بڕیاریانداوە هەنگاوی گونجاو بنێن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، حکوومەتی ئەمریکا پێشوازی لەو دەرفەتە دەکات بۆ دووپاتکردنەوە و بەهێزکردنی هاوبەشییەکەیان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.
هەروەها باسیان لەوەکردووە کە گفتوگۆ ستراتیژییەکانیان بەردەوام دەبن و لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ لە واشنتن کۆ دەبنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment