«ئەحمەد ئەعرەج» سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پرسی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی سووریا و وتی: لێک نزیک بوونەوە و یەکگرتوویی ڕەوتە کوردییەکان هەوڵێکی ئەرێنییە هەم بۆ کورد و هەم بۆ هەموو ئەتنیکەکانی دیکە کە لەگەڵ کورد بەسەر دەبەن.
ناوبراو درێژەی دا: هەروەها کە دەزانن لە باکووری سووریا تەنها کورد نیشتەجێ نییە و سەدان ساڵە ئەرمەنی و عەرەب و ئاشوور و سریانی و چرکەسەکان لەم ناوچەیەدا دەژین.
ئەحمەد ئەعرەج ئاماژە بە گرنگایەتیی پاراستنی مافی گەلانی دیکە لە چوارچێوەی دانوستانەکانی نێوان ڕەوتە کوردییەکانی سووریا دەدات و دەڵێت: دەبێت بڵێم لێک نزیک بوونەوەی ڕەوتە کوردییەکان لە سووریا نابێت لەسەر بنەمای لەبەرچاو نەگرتنی گەلانی دیکە بێت.
ناوبراو وتیشی ئێمە وەکوو هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا بڕوامان وایە ئەم یەکگرتنە نابێت لەسەر بنەمای دەستدرێژی کردن بۆ مافی گەلانی دیکە بێت. کرد سەڵەها ستەمی لێکراوە بۆیە دەبێت ڕێز لە مافی گەلانی دیکە بگرین.
ناوبراو زیاتر دەڵێت ئەگەر حزبە کوردییەکان مەیلی یەکگرتنیان هەیە باشتر وایە حزبەکانی دیکە دوور نەخەنەوە و پاش یەکگرتنی نێوان خۆیان حزبەکانی دیکەی سووریا و دیمەشق تەڤڵی دانوستانەکان بکەن و ستراتێژیێکی هاوبەش لە چوارچێوەی سووریایێکی یەکگرتوو و دیموکراتدا پەیڕەو بکەن.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا ئاماژەی بە گرنگایەتیی گۆڕانکاری لە دەستووری سووریا دا و ڕایگەیاند: بڕوامان وایە کە دەستووری سووریا دەبێت بگۆڕدرێت و مافی هەموو تاکێک لە بەرچاو بگرێت و سووریایێکی نوێ بونیات بنرێت.
ئەحمەد ئەعرەج وەبیری هێنایەوە لە یاسای بنەڕەتیی نێودا پێویستە نەک هەر ئاوڕ لە زمان و فەرەهەنگی کورد و عەرەب بدرێتەوە بەڵکوو شۆناسی گەلانی دیکە وەکوو ئەرمەنی و ئاشووری و چەرکسەکان و تورکمانەکان و سریانییەکان لەبەرچاو بگیردرێت و بپارێزرێت.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا ڕەخنە لەو حزبە سوورییانە دەگرێت کە سەربە وڵاتانی ناوچەکەن و و دەڵێت: ژمارەیێک لە حزبەکان سەربە وڵاتانی دراوسێن و ژمارەیێک حزبی عەرەبی شونیست-یش بوونیان هەیە کە پێوەندییان لەگەڵ ڕەوتە جیهادی و توندڕەوەکاندا هەیە. ئەم پێوەندییانە هەڵەیە و پێویستە حزبە سوورییەکان بۆ ناو خەڵکی خۆیان بگەڕێنەوە و سووریا بخەنە ئەولەویەتەوە. بۆ نموونە تا ئەمڕۆ ئەنەکەسە سەربە تورکیایە و هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن-یش لە ئەستەمبۆڵ و تورکیان.
ناوبراو درێژەی دا ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بەرژەوەندیی تورکیا دەخاتە پێش بەرژەوەندیی سووریا ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەگەر حرب و ڕەوتە سوورییەکان بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا لەپێش چاو بگرن و بەدوای سووریایێکی نوێدا بن زووتر قەیرانی سووریا چارەسەر دەکرێت.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بڕوای ئێوە لەبارەی چوارچێوەی سیاسیی داهاتووی سووریا چییە؟ وتی: ئێمە بڕوامان بە سووریای لامەرکەزی هەیە بەڵام سیستەمی فیدراڵ لە سووریا زۆر ئەستەم جێبەجێ دەکرێت.
ئەحمەد ئەعرەج درێژەی دا زۆر دزوارە سووریا بە سیستەمی پێشوویەوە ئیدارە بکرێت چوونکە سیستەمی پێشوو سیستەمێکی شۆنیستیی عەرەبی بوو.
ناوبراو زیادی کرد بڕوامان وایە پێویستمان بە سووریایێکی لامەرکەزی هەیە هەموو قەوم و ئەتنیکەکان لە چوارچێوەی سووریای یەکگرتوودا ژیان بەسەر دەبەن و مافی هەموویان لەبەرچاو دەگریدرێت و بەرپرسانی خۆجێیی دەسەڵاتی زیاتریان پێدەدرێت.
سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا دەڵێت تا ئەمڕۆ مافی گەلی کورد لە سووریا پشتگوێ خراوە و نایانەوێت کورد بە ئازادی بژیت. بۆ نموونە تا ئەمڕۆ لە پارێزگای حەسەکە 500 هەزار کەش ناسنامەی سوورییان پێنەدراوە.
ئەحمەد ئەعرەج سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی دیموکراتی سووریا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا کوردەکان توانای دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرییان بە هزری کوردی لە باکووری سووریا هەیە، دەڵێت: کورد بە تەنیایی لە باکووری سووریا کارێک ناباتە پێشەوە، پێش هەموو شتێک دەبێت یەکبگرن و بە هاوکاریی ئەتنیکەکانی دیکە سووریایێکی نوێ و دیموکراتیک بونیات بنێن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment