خولی دووهەمی دانوستانەکان بەم زووانە دەست پێدەکات/لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ENKS نوێنەرێکی لێهاتووە بۆ کورد

بەشی سووریا- بەرپرسێکی «تەڤگەری چاکسازی» کوردستانی سووریا دەڵێت: تا کاتێک کە لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەسەر هەندێک بابەت وەکوو بابەتی ئیداری، سەربازی، ئابووری و سیاسی هاوڕا نەبین ناتوانین باس لە ڕێککەوتن بکەین.

«عەبدولوەهاب ئەحمەد» بەرپرسی هەماهەنگیی گشتیی تەڤگەری چاکساری کوردانی سووریا (tevgera çaksazî) لە هەرێمی کوردستان کە یەکێک لە حزبەکانی ئامادەبوو لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS)یە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای ئاماژەدان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ پەیەدە ڕایگەیاند: قۆناخی یەکەمی گفتوگۆکان لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەدە کۆتایی پێهاتووە و هەردوو لایەنەکە لەسەر هەندێک بابەت وەکوو چۆنیەتی داوستان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، حکوومەتی ناوەندی، پرسی کورد لە سووریا و پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ڕێککەوتن.

دکتور عەبدولوەهاب ئەحمەد لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی هێشتا خولی دووهەمی دانوستانەکان دەستی پێنەکردووە ڕایگەیاند: هیوادارین خولی دووهەمی دانوستانەکان بەمزووانە دەست پێبکات. ئێمە باوەڕمان بە یەکگرتن و ڕێککەوتن هەیە و دەمانەوێت ئەم یەکگرتنە لە بەرژەوەندیی میللەتەکەماندا بێت.

ناوبراو زیادی کرد لە دانوستانەکانماندا جیدین و پڕۆسەی دانوستانەکانیش بەرەو پێشەوە دەڕوات. وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانی ڕای خۆمان بە لایەنی بەرانبەر گەیاندووە و هەروەها پرسە جیاجیاکانمان لەگەڵ جەنابی "ویلیام ڕوباک" نوێنەری ئەمریکا لەم گفتوگۆیانەدا و هەروەها جەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ باس کردووە و بە ڕۆحێکی نەتەوەی و باوەڕێکی یەکگرتووانەوە بۆ بەرژەوەندیی کوردانی سووریا ئامادەی گفتوگۆین.

ناوبراو ئاشکرای کرد: بێ گومان ئەنجومەنی نیشتمانی لە ڕۆژی یەکەمەوە بڕوای وا بووە کە ستراتێژیی هاوبەشی ڕەوتە کوردییەکانی سووریا دەتوانێت بەرگریی لە ماف و چارەنووسی کوردانی سووریا بکات بۆیە ئامانجی سەرەکیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد بەرەوپێشبردنی ئەم ستراتێژییە بووە لە دەرەوە و ناوخۆی سووریا بە هاوکاری لەگەڵ دیکەی ڕەوتەکانی کوردستانی سووریا.

بەرپرسی هەماهەنگیی گشتی تەڤگەری چاکسازیی کوردستانی سووریا لەبارەی ئامادەبوونی ئەنەکەسە لە نێو ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا وتی: ئەنەکەسە بە ئامادەبوون لەنێو ئۆپۆزیسۆنی سووریا ڕۆڵێکی گرینگ لە دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەگێڕێت و پێگەیێکی باڵای هەی هەروەها نوێنەرێکی لێهاتووە بۆ کوردەکان لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا.

دکتور عەبدولوەها ئەحمەد لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ئایا دوو لایەنەکە هەوڵ بۆ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەدەن؛ وەبیری هێنایەوە: لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی سووریاوە لەنێوان ئێمە (ئەنەکەسە) و پەیەدە ناکۆکی بوونی هەبووە، یەک لەو ناکۆکییانە ۆنییەتی پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندییە. ئێمە وەکوو ئەنەکەسە بڕوامان وایە کە حکوومەتی سووریا هیچ بڕوایێکی بە مافی گەلی کورد لە سووریا نییە و تا ئەمڕۆ ستەمی لە کورد کردووە، بۆیەش تەڤڵی ئەو شۆڕشە بووین بۆ لابردنی حکوومەتێک کە هیچ بەهایێک بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خۆی نادات.

ناوبراو درێژەی دا پاش ئەم ناکۆکییانە ئێمە لەڕێگای کۆنفرانسی هەولێری 1 و 2 و دهۆک-ەوە هەوڵماندا لەگەڵ پەیەدە لەسەر هەندێک پرسی جیاواز بگەینە ڕێککەوتن بەڵام ئەوان پێبەندی ڕێککەوتنەکان نەبوون بۆیە کەلێنەکەی نێوانمان زیاتر بووەوە.

عەبدولوەها ئەحمەد وتیشی ئێمە وەکوو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئامادەبوو لە ڕەشنووسی دەستووری هەمیشەیی نوێی سووریا لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لەچوارچێوەی دانوستانەکانی ژێنێڤ-دا گفتوگۆ دەکەین.

ناوبراو لەباەری ئەو بابەتانەی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا باسی دەکەن وتی: ڕاستیەکەی ئەوەیە ئێمە بڕوامان بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی نییە، چوونکە حکوومەتی سووریا هیچ بڕوایێکی بە مافی گەلی کورد نییە. بڕوام وایە دۆستانی ئێمە لە پەیەدە تا ئاستێک بەم باوەڕە گەیشتبن کە سەرەڕای نێوەندگیریی ڕووسیا، نەگەیشتنە هیچ دەسکەوتێک بۆ میللەتی کورد.

بەرپرسی هەماهەنگیی گشتی تەڤگەری چاکسازیی کوردستانی سووریا وەبیری هێنایەوە: ئەمەش لە وتەکانی بەشار ئەسەد-دا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت کە هیچ بڕوایان بە مافی گەلی کورد لە سووریا نییە ئەو کاتەی ڕایگەیاند "کورد لە سووریا پەنابەرن و کۆچیان کردۆتە ئەم وڵاتە".

ناوبراو وتیشی: خولی یەکەمی دانوستانەکان کۆتاییان هات و ئێمە هیوادارین خولی دووهەمی دانوستانەکان بگەنە ئەنجام و هەردوو لایەنەکەمان بگەینە بڕیارێکی سیاسی هاوبەش. تا کاتێک کە لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەسەر هەندێک بابەت وەکوو بابەتی ئیداری، سەربازی، ئابووری و سیاسی هاوڕا نەبین ناتوانین باس لە ڕێککەوتن بکەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 188960

Your Comment

You are replying to: .
captcha