سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکانی کۆمه‌ڵى دادگه‌رى و يه‌کگرتووى ئيسلامى دیداری کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکدا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و سەرۆکی یەکگرتووی ئیسلامیی بەسەرکردەوە و لەگەڵیان کۆ بوویەوە.

کوردپرێس:

پاشنيوه‌ڕۆى ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 2021/5/3 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌ولێر به‌ ياوه‌ريى جێگرانى سه‌رۆک، سه‌ردانى هه‌ر يه‌ک له‌ کۆمه‌ڵى دادگه‌ريى کوردستان و يه‌کگرتووى ئيسلاميى کوردستانی کرد.

له‌ دوو ديدارى جيادا له‌گه‌ڵ هه‌ر يه‌که‌ له‌ مامۆستا عه‌لى باپير سه‌رۆکى کۆمه‌ڵى دادگه‌ريى کوردستان و مامۆستا سه‌ڵاحه‌دين محه‌مه‌د به‌هائه‌دين ئه‌ميندارى گشتيى يه‌کگرتووى ئيسلاميى کوردستان و به‌رپرسانى هه‌ردوولا، بارودۆخ و پرۆسه‌ى سياسيى هه‌رێمى کوردستان، پرسى ئاماده‌کردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى کوردستان، په‌يوه‌ندييه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێکى ديکه‌ تاوتوێ کران.

له‌ هه‌ردوو ديداره‌که‌دا جه‌خت له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى کارى پێکه‌وه‌يى و هه‌وڵدانى هه‌مه‌لايه‌نه‌ى لايه‌ن و پێکهاته‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌پێناو يه‌کڕيزى و ته‌باييدا کرايه‌وه‌ و رۆڵى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ به‌رزى هه‌ڵسه‌نگێنرا.

هه‌مووان هاوڕا بوون که‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دييه‌کانى ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى کوردستان و کارکردن بۆ هه‌بوونى چارچێوه‌یێکی کارى هاوبه‌شى نێوان لايه‌نه‌کان له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندييه باڵا‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دوور له‌ ناکۆکى و جياوازييه‌ سياسييه‌کان، ئه‌رکى هه‌مووانه‌.

News Code 1881

Your Comment

You are replying to: .
captcha