دەستوەردانە حزبیەکان مۆڵەت بە بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی لە خاڵە سنوورییەکان نادەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی  قاچاغچێتی خاڵە سنوورییەکان جێبەجێ نەکراوە لەبەر ئەوەی  رێگریی هەیە حزبی هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێباز حەملان، یاریدەدەری مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی رایگەیاند: بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەی رابردوو دۆخی دارایی عێراق بەرەو خراپتربوون دەڕۆشت و رێژەی قەرزەکانی بەشێوەیێکی بەرچاو بەرز دەبوونەوە، بڕیارەکەش بەئامانجی کەم کردنەوەی کورت هێنان بوو بەتایبەت کەکاتی بڕیارەکە نرخی نەوت بەوشێوەیەی ئێستا بەرز نەببوە، هەروەها بەرز بوونەوەی نرخی نەوت بۆ بەغدا و هەرێمیش باشتربوو بەوپێیە 95% داهاتی هەردولا پشتی بە نەوت بەستووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بە بەرز کردنەوەی بەهای دۆلاریش باوەڕمان وایە هەربڕیارێک لەزیانی خەڵک بێت بڕیارێکی باش نیە، بەبڕیاری بەرز کردنەوەی بەهای دۆلاریش خەڵکێکی زۆر زیانمەند بوون، چوونکە زۆرێک لە مامەڵەی هاوڵاتیان لە عێراق و کوردستانیش بەدینارە و هاوردە کردنی کاڵا و کەلوپەلە بازرگانییەکانیش بە دۆلار دەیکڕن و ناچارن بۆ ئەوەی زیانمەند نەبن نرخی کاڵاکانیان بەدینار بەرز بکەنەوە، بۆیە من پێموایە رەنگە بڕیارەکە لەبەرژەوەندی حکوومەتی عێراق بووبێت، بەڵام لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان نەبووە.

پەیوەست بە داهاتی ئێستای حکوومەتی هەرێمیش، یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین دابەشبکات پێویستی بە 895000000000 (هەشت سەد و نەوەد و پێنج) ملیار دینار هەیە و لە ئێستادا کە مووچەی بەلێبڕینەوە دابەش دەکرێت پێویستیمان بە 720000000000 (حەوت سەد و بیست ملیار دینار هەیە)، ئەو پارەیەش لەداهاتی نەوت، داهاتی ناوخۆ و هاوکاری هاوپەیمانان کۆ دەکرێتەوە، کۆی داهاتەکانیش جگە لە مووچە لەبوارەکانی پێداویستی فەرمانگەکان، پاکردنەوە و شار و شارۆچکەکان و کڕینی کارەبادا خەرج دەکرێت.

ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە وەک ئاگادارن لەئێستادا لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەقۆناغی جێبەجێ کردنی بودجەی ساڵی 2021داین کەدوای چەندین کۆبوونەوە و دانوستانێکی دوورودرێژی وەفدی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بەغدا، خۆشبەختانە یاسای بوودجە تێپەڕی و پشکی هەرێمی کوردستان جێگیرکرا و ئێمە کۆمەڵێک پابەندبوونمان کەوتوەتەسەرشان، بۆیە ئێستا ئێمە لەقۆناغی جێبەجێ کردنی یاسای بودجەداین و ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت بوودجەیەک بۆ کوردستان دێت و خۆشمان 50%ی داهاتی ناوخۆمان بۆ دەمێنێتەوە، ئەگەر ئەو دو بڕە پێکەوە توانیمان بە 895000000000 (هەشت سەد و نەوەد و پێنج) ملیار دیناری موچەخۆرانی پێ دابین بکەن بەدڵنیاییەوە ئەو کاتەوە ئێمە موچە وەک خۆی دابەش دەکەین، چونکە موچە مافێکی تەواوی خۆیانە و حکومەت منەت ناکات بەسەر فەرمانبەراندا، لەهەمانکاتیشدا دڵنیایین ئەگەر بودجەی بەغدا رەوانە بکرێت ئەگەر لێبڕینی مووچە کۆتاییشی پێ نەهێنرێت بەئاستێکی زۆر کەم دەبێتەوە".

پەیوەست بە شەفافیەتی دۆسیەی نەوتیش رێباز حەملان ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای دیلۆیت کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بریتانییە وردبینی دەکات لە کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان، خەرجی، فرۆشتن و داهاتی نەوت و کۆمپانیاکە هەمو سێ مانگ جارێک راپۆرتی خۆی بڵاودەکاتەوە و زانیارییەکانیش دەچێتە بەردەست هاوڵاتیان و پەرلەمان و میدیاکاران، بۆیە پێموانیە شتێکی شاراوە هەبێت لە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت، ئەوە جگە لەوەی لەبەندەری جەیهانیش کۆمپانیای سۆمۆ نوێنەریان هەیە و ئاگاداری وردەکاری فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەین.

پەیوەست بە پرسی چاکسازیش یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی، "پرۆسەی چاکسازی بڕیارێکی حەتمی کابینەی نۆیەمە و پێویست دەکات جێبەجێ بکرێت، هیچ کەسێش ناتوانێت ببێتە ئاستەنگ لەبەردەمی بەڵام کاتی پێویستە، پێموانیە لەسەر سنورەکان قاچاغچێتی کەسێکی فەقیر بیکات ئیلا دەبێت کەسێکی گەورەی لەپشت بێت، بۆیە حکومەت بڕیاریداوە هێزێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە سەردانی سنورەکان بکەن و سەرەتاش لە ئیبراهیم خەلیک و حاجی ئۆمەران و ئەو ناوچانەوە دەستپێدەکەن دواتر دەچێتە باشماخ و پەروێزخان و کێلێ و خاڵە سنورییەکانی دیکە، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە نەچوەتەبواری جێبەجێکردنەوە لەبەر ئەوەی رێگری حزبی هەیە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1799

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha