کوردپرێس: لە میانی کۆبوونەوەکاندا باس لە بەرەوپێش بردنی پەیوەندی دۆستانە و گرنگیی فراوان کردنی ھاریکاری ھاوبەش لەنێوان عێراق و یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا کرا، لەگشت بوارەکاندا، ھەروەھا بەگرنگییەوە باس لە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا لە پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە لەپێویستی دوورکەوتنەوە لەسیاسەتی جەمسەرگیری و ململانێ، ھاوکات بە پێویستی زانی کە دیالۆگ و لێکگەشتن بکرێتە پێشینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە جۆرێک ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە فەراھەم بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەرھەم ساڵح جەختی کردەوە لەپێویستی ھەمەھانگی و کاری ھاوبەش، بۆ رووبەڕووبوونەوە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، ھاوکات باسی لەوەش کرد کە پێویستە ھەوڵەکان چڕ بکرێتەوە لە نێوان وڵاتان بۆ کەم کردنەوەی کاریگەری و زیانەکانی پەتاکە لەسەر تەندروستی گشتی و ئابووری، ھەموو گەلانی ناوچەکە و جیھان.
لەلای خۆیانەوە ھەردوو باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا لە عێراق، پشتیوانی ھەوڵەکانی عێراقیان لە پارستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق کردەوە، ھەروەھا دووپاتیان لەھاریکاری و کاری ھاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کردەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment