دەبێت PKK  واز لە کوردستانی سووریا بهێنێت/ ئێرە شوێنی شەڕی ئەوان نییە

بەشی سووریا- ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) دەڵێت: ئێمە خۆمان لە دانوستانەکانی خولی دووهەم ناشارینەوە و بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد جیددین لە درێژەدان بەم دانوستانە.

فۆئاد عەلیکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد و وتی: خولی یەکەمی دانوستانەکان کۆتاییان هات و هەر دوو لایەنەکە لەسەر هەندێک بابەت وەکوو دۆخی سیاسی کوردەکان، سووریای لامەرکەزی و فیدراڵی، و ڕۆڵی کورد لە دانوستانەکانی ژنێڤ گەیشتنە ڕێککەوتن.

ناوبراو زیادی کرد هەروەها لەسەر دۆخی عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی گفتوگۆمان کردووە. ئێمە ئەم خولەی دانوستانەکان بە ئەرێنی دەزانین.

فۆئاد عەلیکو لەبارەی قۆناخی دووهەمی دانوستانەکان لەنێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی زیاتر وتی: قۆناخی دووهەم زۆر گرینگە و زیاتر پرسە ناوخۆییەکان باسیان لێدەکرێت و ئێستا پێویستی بە ئامادەکاری هەیە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) وتیشی لە قۆناخی دووهەمدا باس لە چۆنییەتی بەڕێوەبەریی ناوچەکە دەکەین ئێمە ڕەخنەی زۆرمان لەسەر پەیەدە و چۆنییەتی ئیدارەدانی ناوچەکە هەیە لەلایەن ئەوانەوە.

ناوبراو لەباەری پێشمەرگەی ڕۆژەوە دەڵێت: پرسێکی دیکە کە باسی لێوە دەکەین بابەتی پێشمەرگەی ڕۆژ-ه. نزیکەی 7 هەزار پێشمەرگەی ڕۆژ لە هەرێمی کوردستانن کە دەبێت بۆ کوردستانی سووریا بگەڕێنەوە و خزمەتی میللەتی خۆیان بکەن.

ناوبراو دەڵێت ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆیێکی درێژخایەن هەیە تا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بگەینە خاڵی هاوبەش.

فۆئاد عەلیکو ئەندامی P.Y.K.S ئاماژەی دا بە پێوەندییەکانی نێوان پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD) و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و ڕایگەیاند: بەڵام پرسێکی زۆر گرینگ کە دەبێت باسی لێوە بکەین وابەستەیی پەیەدە و پەکەکە-یە؛ هەمووان دەزانن پەیەدە لە قەندیل دامەزرا و ئەم حزبە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانن و ئەمەش کێشەی زۆری بۆ کوردانی سووریا دروست کردووە.

فۆئاد عەلیکو جەختی کردەوە کە پەکەکە دەبێت دەست لە کوردستانی سووریا هەڵبگرێت چوونکە پەکەکە شەڕی خۆی هێنایە کوردستانی سووریا و بووە هۆی ئەوەی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی داگیر بکرێن.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی یەکێتی کوردستانی سووریا زیادی کرد: هێشتا هەڕەشەی زۆرمان لەسەر ئەگەر پەکەکە لە کوردستانی سووریا دوور نەکەوێتەوە. هیوادارین پەکەکە بۆ کوردستانی تورکیا بگەڕێتەوە. قەندیل و مەخموور و شەنگال شوێنی پەکەکە نین، ئێمە قبووڵی ناکەین کە پەکەکە شەڕی خۆی بۆ کوردستانی سووریا بگوازێتەوە.

لە وەڵامی ئەو وتەیشدا کە هەندێک لە حزبەکانی ئامادەبوو لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا دەڵێن ئەنەکەسە دانوستانەکانی خولی دووهەم دوا دەخات، ڕایگەیاند: ئێمە خۆمان لە گفتوگۆکان نەشاردووەتەوە و هەوڵ بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد دەدەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178956

Your Comment

You are replying to: .
captcha