کوردپرێس:
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق، ڕۆژی پێنجشەمە 4/6/2020 بەرهەم ساڵح لە كۆشكی سەلام پێشوازیی لە عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری داراییی عێراق كردووە.
لە كۆبونەوەكەدا سەرۆكکۆماری عێراق تەئیكدی كردووەتەوە لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و كاركردن تا لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بتوانرێت دەستی گەندەڵی لە سامانی گشتی وەدەربكرێت.
سەرۆك كۆمار جەختی كردوەتەوە لەسەر گەشەپێدانی سەرچاوەكانی داهاتی عێراق لە كاتێكدا كە وڵات توشی قەیرانی كۆرۆنا بوەتەوە و نرخی نەوت دابەزیوە و تەئیكیدشی كردوەتەوە كە پێویستە ئەو رێوشوێنانەی وەزارەتی دارایی دەیانگرێتە بەر كاریگەری نەكاتە سەر چینەكانی خوارەوە و فەرمانبەرانی كەمدەرامەت و خانەنشینان و كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژنەیان نەكات.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە، بەرهەم ساڵح تەئكیدی لە پێویستیی چارەسەركردنی ریشەییی نێوان كێشە هەڵواسراوەكانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور كردوەتەوە بەشێوەیەك مافی هەمو هاوڵاتیانی سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە دەستەبەر بكات.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، لەكۆبوونەوەكەدا بەدوای ئەو رێوشوێنانەدا گەڕاون بۆ پشتیوانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی ئابوری ئێستا و دانانی پلانی پێویست بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە قورسە ئابورییەی بەرۆكی وڵاتی گرتوە، هەروەها یەكخستنی تێكۆشان و توانای هەموان لە پێناو گەمارۆدانی یان چارەسەركردنی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی گشتی هاتوەتە ئارا، بەرەچاوكردنی بەدیهێنانی دادپەروەری و سەقامگیری ئابوری بۆ هەموو عێراقییەكان.
لای خۆشیەوە وەزیری داراییی عێراق هەموو رێوشوێنەكانی بۆ سەرۆك كۆمار باس كردووە كە وەزارەتی دارایی بەرنامەیەتی بۆ چارەسەری دۆخی عێراق بیانگرێتەبەر، ڕوونی كردووەتەوە كە وەزارەتەكەی هەموو هەولێك دەخاتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا بە رەچاوكردنی ئەو كاریگەرییەی لەسەر ژیانی گشتی دروستی كردووە.
Your Comment