کوردپرێس:
ئیلهان عومەر نوێنەرێکی موسڵمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە کە لە زۆنی مینەسووتەی ئەمریکاوە چۆتە ئەنجومەنی نوێنەران و لە مەسەلەی هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستانی سووریا پشتگیریی ئەو هێرشەی کردبوو و جگە لەوەش دژایەتیی پڕۆژەی سزادانی تورکیای کرد.
گۆڤاری ئەمریکیی نەشناڵ ئینترسەت لە بابەتێکدا نووسیویەتی ئەو خانمە نوێنەرەی موسڵمانە ئەمریکییە نامەیێکی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووسیوە و لە نامەکەیدا داوای لە مایک پۆمپیۆ کردووە گوشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ ئەوەی زیندانییە سیاسییە کوردەکانی ئەو وڵاتە ئازاد بکات ئەوەش بە هۆی مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکان.
نەشناڵ ئینترسەتی ئەمریکی ئەوەشی زیاد کردووە کە ئەم داواکارییەی ئیلهان عومەر دەلالەتە لە سەر ئەوەی ناوبراو هەڵوێستی لەبارەی تورکیا و کوردەکانی ئەو وڵاتەوە گۆڕیوە چوونکە پێشتر پشتگیریی ئەوەی کردبوو کە ئەنقەرە هێرشی سەربازی بکاتە سەر کوردەکانی سووریا.
داواکارییەکەی ئەو نوێنەرە ئەمریکییە پاش ئەوە دێت کە مانگی مارچی 2020 شاندێکی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لەگەڵ ئیلهان عومەر دیداریان کردبوو.
Your Comment