کورد بە ئامانجی ڕێگری کردن لە هێرشەکانی تورکیا دەستی بە دانوستان کردووە/دۆخی کورد لە عەفرین نالەبارە

بەشی جیهان- ئەلیکساندر مەک کیور بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: ئامانجی سەرەکیی ڕەوتە کوردییەکانی سووریا لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕێگری کردنە لە درێژەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان. ناوبراو هەروەها وتیشی دۆخی کوردەکانی عەفرین زۆر مەترسیدارە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یەکێک لە پرسە گرینگەکانی ئێستای باکووری سووریا دەستپێکردنی خولێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان پارتی دەسەڵاتداری پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردانی سووریایە بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەڕەنسا. لە لایێکی دیکەوە ناوچەی کوردنشینی عەفرین کە لە ساڵی 2018دا لە لایەن تورکیاوە داگیر کرا شایەتحاڵی چەندین تەقینەوە بووە. لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا پێکدادانی سووکی هێزی ئەمریکی و ڕووسی لەناوچە کوردنشینەکان بوونەتە ڕۆزەڤی ئەم ڕۆژانەی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا. ئاژانسی کوردپرێس بەمەبەستی لێکدانەوەی ئەم ڕووداوانە دیمانەیێکی لەگەڵ ئەلیکساندر مەک کیور، توێژەی ئەمریکی بابەتی باکووری سووریا ئەنجام داوە.

نێوەندگیریی ئەمریکا و فەڕەنسا لە پڕۆزەی یەکخستنی کوردانی سووریا

ئەلیکساندر مەک کیور، توێژەری بواری کوردانی سووریا لەبارەی هەوڵەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا و فەڕەنسا بۆ یەکگرتنی دوو لایەنی سەرەکیی کوردی سووریا بە کوردپرێسی وت: هەڵ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان پارتی یەکێتی دیموکرات (PYD) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورانی سووریا (ENKS) لەلایەن چەند لایەنێکەوە ئەنجام دراوە. سەرکردایەتیی پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کورد لە باکووری سووریا بۆ دەرخستنی خۆیان وەکوو نوێنەری سەرەکیی کورد لە سووریا ئەم گفتوگۆیانەیان پێوشوێنگیری کردووە. ئەم کارەش شەرعیەتی زیاتری نێونەتەوەییان پێدەدات وەکوو نوێنەری کورد.

ناوبراو زیادی کرد: ئامانجێکی تر لە پێوشوێنگیری کردنی دانوستانەکان ڕێگری کردنە لە دەستدرێژیی زیاتری تورکیا دژ بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یان لانیکەم دروست کردنی بەرەیێکی بەهێزی نێونەتەوەییە هەمبەر هێرشەکانی تورکیا وەکوو ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتوون. بەمحاڵەشەوە بەڕای من ئەم هەوڵانە کاریگەریی لەسەر ئەنقەرە نابێت.

مەک کیور لەبارەی هۆکاری بەشداریی حزبەکانی سەربە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا لەم دانوستانانەدا وتی: ئەم حزبانە بەم بۆنەوە لەگەڵ پەیەدە گفتوگۆ دەکەن کە ئەم کارە مۆڵەتیان پێدەدات ڕۆڵ لە ئیدارەدانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بگێڕن.

شرۆڤەکارەکەی CUNY لە ئەمریکا جەختی کردەوە سیاسەتەکانی تورکیا لە سووریا بوو بە هۆکاری دوور کەوتنەوەی حەشیمەتی کورد لە سووریا و ئەمەش کێشەی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا و ئەنقەرەی لێکەوتووەتەوە.

مەک کیور لەبارەی دەوری فەڕەنسا و ئەمریکا لە پڕۆژەی یەکخستنی نێوماڵی کوردانی سووریا بە کوردپرێسی وت: ئەمریکا وفەڕەنسا بۆیە بەشداری لەم گفتوگۆیانەدا دەکەن کە بەهێزتر بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لێدەکەوێتەوە و دۆخێکی سەقامگیر بۆ ئامادەبوونی سەربازیی ئەم دوو وڵاتە لە سووریا فەراهەم دەبێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا:

لێکۆڵەری بابەتی باکووری سووریا ئاماژەی بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەند مانگی ڕابردووی ئەمریکا و ڕووسیا لە باکووری سووریا دا و وتی: لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا چەند ڕووبەڕووبوونەوەی سووکمان لەنێوان پۆلیسی سەربازیی ڕووسیا و هێزەکانی ئەمریکا بینیوە. هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا لە ئاکتەوبری 2019دا بەئامانجی ڕێگری کردن لەهێرشی زیاتری تورکیا. داوایان لە ڕووسیا کرد لەناوچەکەدا ئامادە ببێت. پاشان هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری حەسەکە دەستیان دایە گەڕانی سەربازی. ڕووبەڕووبوونەوەی سووک لەنێوان هێزی ئەمریکی ڕووسی لەم ناوچانەدا ڕوویدا چوونکە شوێنی تێپەڕینی ئەو دووهێزە هاوبەش بوو. بەهەر حاڵ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنجامی بڕیارە نادروستەکانی و سیاسەتی ناشەفافی ئەمریکا لە سووریا بوو.

دۆخی نالەباەری عەفرین

ئەلیکساندر مەک کیور کە بە وردبینییەوە دۆخی ناوچەی کوردنشینی عەفرین لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا چاودێری دەکات دۆخی ئەم ناوچەیە لە بەرزەوەندیی کوردانی دانیشتووی عەفریندا نابینێت. ناوبراو لەبارەی دواهەمین دۆخی ئەم ناوچەیە کە ساڵی 2018 لەلایەن تورکیاوە داگیر کرا، بە کوردپرێسی وت: دۆخەکە بەدانیشتووانی عەفرین زۆر خراپە. کوردانی دانیشتووی عەفرین بەردەوام لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانەوە دزییان لێدەکرێت و هەندێکیان دەڕفێندرێن. هەروەها کوردەکان بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە کوردییەکاندا لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە دەستگیر دەکرێن.

ناوبراو زیادی کرد: ماڵی ئەوانەی کە پاش هێرشەکەی تورکیا بۆسەر عەفرین لەو شارە هەڵاتن ئێستاش لەلایەن میلیشیاکانی سەرەب تورکیاوە داگیر کراوە و خانەوادەی گرووپە چەکدارییەکانی سەربە تورکیای لێجێگیر کراوە.

ئەم توێژەرە ئەمریکییە هۆشداری دەدات کە دیموگرافیای عەفرین بەهۆی زیاتر بوونی عەرەب و تورکمانی هاوردە خەریکی گۆڕینە. هەروەها شۆناسی کوردی لەم ناوچەیەدا لەژێر گوشارێکی سەختدایە.

مەک کیور لەبارەی تەقینەوە خوێناوییەکانی ئەمدواییەی عەفرین دەڵێت: ئەگەرچی ئەم تەقینەوانە خوێناوی بوون بەڵام ئەم هێرشانە لە هەموو ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیا لە سووریا ڕوودەدەن.

ناوبراو لەبارەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکانەوە دەڵێت: هەندێک گرووپ وەکوو خەزاب ئەلزەیتوون، کە مومکینە پێوەندییان لەگەڵ یەپەگەگ ببێت ئیدیعایان کردووە ئەم تەقنەوانە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام دراوە. ئەگەری تێوەگلانی ئەم گرووپە زۆرە کە کوژرانی زیاتر لە 30 کەسی لێکەوتووەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178760

Your Comment

You are replying to: .
captcha