کوردپرێس: پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەو هەڵمەتەی رۆژی هەینی کرد کە دەسەڵات دژی شارەوانییەکانی پارتەکەی دەستی پێکرد و پێنج سەرۆک شارەوانیی لەکارلادا.
بوڵدان هۆشداریی دایە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی جەهەپە کە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بەڕێوە دەبات و گوتی: "ئەو عەقڵیەتەی شارەوانییەکانی ئیدر و سێرت قەییوم بکات، بە دڵنیاییەوە بیر لەوە دەکاتەوە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر و ئەنقەرەش قەییوم بکات".
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاماژەی بەوە کرد "ئەگەر ئێمە دژی قەییومی سەر سێرت دەنگ هەڵنەبڕین و دژی قەییومی سەر ئیدر ناڕەزایی نیشان نەدەین، هەموومان لە دانانی قەییومی سەر ئەنتاڵیا، مێرسین و ئیزمیر بەرپرس دەبین".
بوڵدان ئەوەی خستەڕوو کە دەسەڵات دەیەوێت ملکەچیی بکەین کە ئەوە هەرگیز لە هەدەپە نابینرێت.
هاوسەرۆکەکەی هەدەپە لەو بارەیەوە جەختی کردەوە، "هەرگیز بەیعەتتان پێنادەین و چۆک دانادەین. ئێمە پارتێکی سیاسیی تورکیاین کە زیاتر لە شەش ملیۆن دەنگمان هێناوە. نوێنەرمان لە پەرلەمان هەیە و پەرلەمانتارانمان هەن. سەرۆکی شارەوانیمان هەن".
سەرلەبەیانیی رۆژی هەینی و لەگەڵ دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر پێنج شارەوانیی هەدەپە و سەرۆکی شارەوانییەکانیان لەکارلادان و دەستگیریان کردن.
شارەوانییەکانی ئیدر، سێرت، میسیرجی سێرت، حاوێلی سێرت و ڤارتینیسی مووش کە هەدەپە بەڕێوەی دەبردن، قەییوم کران.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment