هەولێر بەپێی توانای دارایی خۆی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: بەپێی توانای دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و باسی لە دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا هێمن هەورامی ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەستابوون و بەردەوامی لیژنەکانی پەرلەمانی لە بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خستەڕوو.

هەر لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە، کاری لە پێشینەی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی بۆ ئەم قۆناغە چاکسازییێکی گشتگیرە لە سەرجەم بوار و سێکتەرەکان و بەرزکردنەوەی داهاتی هەرێم، هەروەها باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا دوا کەوتووە بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەورامی ڕایگەیاند بەهۆی ئەو بڕیارە سیاسییەی حکوومەتی عێراق داویەتی لە دژی هەرێمی کوردستان بە ڕاگرتنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت، بەپێی ئەو توانا داراییەی کە لەبەردەستیەتی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا دانوستانەکانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەردەوامە و هیوای خواست ئەو بڕیارە سیاسییەی لە دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق دراوە لە کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی کۆتاییی پێ بێت و چارەسەری گونجاو و ڕیشەیی بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178690

Your Comment

You are replying to: .
captcha