کۆبوونەوەی ٧ی ئەم مانگەی پەرلەمان پرۆسەی سیاسی کوردستانی خستە ژێر پرسیارەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، کۆبوونەوەی ڕۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ لە پەرلەمانی کوردستان پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی کوردستانیشی خستە ژێر پرسیارەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پاش کۆبوونەوەی خۆی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر پرسی پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێی وابوو کۆبوونەوەی ڕۆژی ٧ی ئایاری ٢٠٢٠ لە پەرلەمانی کوردستان پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی و تەبایی سیاسی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی کوردستانیشی خستەژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی تێوەگلاندنی کۆتای پێکهاتەکان لە پرسی زۆرینە و کەمینەی دیموکراسیدا، کە ئەمە بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی مافی پێکهاتەکانە لە جەوهەری بەشداری دیموکراسی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەیان لە دامەزراوەی تەشریعیدا کە (ی.ن.ک) بڕوای پتەو و جێگیری هەیە بەو مافانە و پێداگریان لەسەر دەکات".

ڕاگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەبەر رۆشنایی ئەو پێشهاتانەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری دا بە هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستی هاوبەش گەڵاڵە بکرێت بۆ رێگری کردن لە ئینفیراد و تاکڕەوی و بەکارهێنانی دامەزراوەیێکی دیموکراسی و نیشتمانی وەک پەرلەمان بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی".

ئەوەش هاتووە، "ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە بایەخەوە هەڵوەستەی جدی کرد لەسەر پرسی لامەرکەزییەتی ئیداری هەروەک لەرێکەوتنی سیاسی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و کارنامەی حکوومەتی هەرێمیشدا هاتووە و ئێستایش بۆتە خواستێکی میللی و گشتگیر لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا و پێویستە هەرچی زووە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".

لە ٧ی ئەم مانگەدا، پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، دانیشتنی خۆی بە مەبەستی دەنگدان لەسەر لێسەندنەوەی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێک ئەنجامدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 178679

Your Comment

You are replying to: .
captcha