ئەمریکا بە تەواوێتی تورکیای لە بەرنامەی F-35  دوورخستەوە

بەشی جیهان- وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە فەرمی بە تورکیای راگەیاندووە کە لە لیستی وڵاتانی بەرهەمهێنەری فڕۆکەی جەنگی F-35 دووردەخرێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا دوورخستنەوەی تورکیای لە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی F-35 ڕاگەیاند.

رۆژی چوارشەممە 21-04-2021 جێسیکا ماکسوێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی راگەیاند، کارکردن لەسەر پرۆسەی دوورخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەکە بەردەوامە کە لە تەممووزی 2019دا لەسەردەمی دۆناڵد ترمپ راگەیێندرا.

واشنتن دەیەوێت بەمجۆرە سزای تورکیا بدات لەبەرامبەر کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس 400 لە رووسیا.

ئیین لۆرد، بریکاری وەزیری بەرگریی بۆبەدەست هێنان و برەودانی ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2019 بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاندبوو، "ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکەی F-35 لەسەر بڕیاری دوورخستنەوەی تورکیا لە بەرنامەکە و دەستپێشخەری کردن بۆ لابردنی تورکیا بە فەرمی لە بەرنامەکە کۆکن."

تورکیا گوێی بە هۆشدارییەکانی ئەمریکا نەداو سیستەمی ئێس-400ی لە رووسیا کڕی و دەڵێت، پاشگەزبوونەوەش لەو بڕیارە نییە و ئەنقەرە بەرهەڵستی سزاکانی ئەمریکاش دەکات لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەی کە ناویەتی.

واشنتن لە کانوونی یەکەمی 2020دا لەچوارچێوەی یاسای سزادانی کاتسا سزای بەسەر تورکیای هاوپەیمان لە ناتۆ سەپاند، بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی بەرگریی تورکیا و بەڕێوەبەری دەزگاکە و سێ کارمەندی دیکەی لەسەر کڕینی ئێس 400 لە رووسیا سزادا.

تورکیا لە 2002ـەوە چووەتە نێو بەرنامەی F-35 و لە پلانی دابوو 100 فڕۆکە بکڕێت، کڕینی هەر F-35ـێک، 90 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، ئەنقەرە بەردەوامە لە بەکارهێنانی پارچەکانی ئەو فڕۆکەیە کە لە ئەمریکا کڕاون، گرێبەستی کڕینی پارچەکانی F-35 لە 2022 بەسەردەچێت.

هەروەها رۆژی 15-01-2021 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەشی گوتبوو F-35ـەکانمان بەدەست نەگەیشتوون سەرەڕای ئەوەی بڕە پارەیەکی زۆرمان پێداون. ئەوەی ئەمریکا کردوویەتی لە دژی ئێمە، وەکو هاوپەیمانێک، هەڵەیەکی جیدییە."

سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا لە پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس400، تورکیا لەلایەن رووسیاش لەژێر گوشارە لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە ئۆکراینا.

یوری بۆریسۆڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، مۆسکۆ چاو بە رێککەوتنە سەربازی و تەکنیکییەکان لەگەڵ تورکیا دەخشێنێتەوە ئەگەر ئەنقەرە ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە رادەستی ئۆکراینا بکات کە لە 2019ـەوە رێککەوتنیان لەسەرکردووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha