بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئەنتونیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام دا و سەبارەت بە دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە.
بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی سەروەری یاسا و کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و تێپەڕاندنی تەنگژەکان لە رێگەی گفتوگۆ و یەکخستنی ھەوڵەکان لە پێناو دۆزینەوەی رێگەچارەی ھاوبەش بە مەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپات کرایەوە، ھاوکات ئاماژە بەوەش کرا کە سەقامگیری و سەروەریی عێراق بنەمایێکی گرنگە بۆ ئاسایش و ئارامیی سەرجەم گەلانی ناوچەکە.
پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا تاوتوێ کراوە و سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەگرنگیی کاری ھاوبەش و ھەماھەنگیی کارا و جددی لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە پێناو ئەنجام دانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دەستەبەر کردنی چاودێرییێکی نێودەوڵەتی بەسەر ھەڵبژاردنەکانەوە، بەو ئامانجەی زامنی بەشدارییێکی بەرفراوان بکرێت و خەڵک ئازادانە گوزاشت لە خواستی ئازادی خۆیان بکەن، بەشێوەیێک بەرجەستەی بڕیاری راستەقینەی خەڵک بێت.
وەک لە راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە، لای خۆشیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگرنگییەوە باسی لەو پەرەسەندنە ئیجابییانەی کرد کە عێراق بەخۆیەوە دەبینی، ھەروەھا جەختی لەوەش کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی تەواوی ھەوڵ و کۆششەکانی عێراقە لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز ھەروەھا راشیگەیاند پشتیوانی لەو ھەوڵانەش دەکات کە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵینگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئارادان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment