ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌کێتی نامه‌یێک ئاراسته‌ی مسته‌فا کازمی ده‌کات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان نامه‌یێک ئاراسته‌ی مسته‌فا کازمی ده‌کات، داوا دەکات کە بەشێوەیێکی دەستووری و لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لەیەکتر تێگەیەشتن کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن.

کوردپرێس:

دەقی نامەکەی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بۆ مستەفا کازمی بەم شێوەیە:

به‌ڕێز مسته‌فا کازمی ده‌وڵه‌تمه‌داری عێراق

سڵاوێکی گه‌رم

په‌رله‌مانی عێراق، به‌ زۆرینه‌ی رێژه‌یی، جه‌نابتان و زۆرینه‌ی وه‌زیره‌کانی، وه‌کوو سه‌رۆکی حکوومه‌ت و حکوومه‌تی نوێی عێراق، په‌سند کرد.

هه‌ڵبژاردنی یه‌م کابینه‌یه‌، له‌ دۆخێکی جیهانی و ئیقلیمی ناوخۆیی دژواردا، که‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسیه‌ به‌رده‌وامه‌کانی په‌تای کۆرۆنا، قه‌یرانی دارایی کوشنده‌ و کێشمه‌کێشی مه‌ترسیداری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمیش، به‌رپرسیارێتی کابینه‌که‌ قوڕستر بووه‌.

ئه‌وه‌ی عێراق دووچاری قه‌یران هاتووه‌، یه‌کێتی به‌رده‌وام، په‌یڕه‌وی له‌ رێبازی سه‌رۆک مام جه‌لال کردووه‌ و ده‌کات، که‌ کورد و یه‌کێتی نیشتمانی، به‌شێکی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بن، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی له‌نێوان پێکهاته‌کانی عێراق و به‌غداد و هه‌رێمی کوردستان.

ئاشکراشه‌، جگه‌ له‌ کێشه‌ی تیرۆرستان و پاشماوه‌ی هێزی رووخاوی سه‌دام، پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، هه‌تا راده‌ی به‌کارهێنانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کوردستان و ده‌ستی ده‌ستی کردن به‌ ماده‌ی 140ی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان، وه‌کوو کارتی فشار له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانی به‌غداوه‌، به‌شێکی بنچینه‌یی کێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌کانی نێوان به‌غداد و هه‌ولێرن، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌، ئه‌گه‌ر ماده‌کانی ده‌ستوور دوور له‌ روانگه‌ی ته‌سکی ده‌سه‌ڵاتخوازی ئه‌م و ئه‌و پێکهاته‌، جێبه‌جێی کرابان، بێگومان عێراق ده‌یتوانی له‌کێشه‌ی نه‌خوازراوی، به‌ قه‌یرانی دارایی و گه‌نده‌ڵی، خۆی بپارێزێ.

به‌ڕێز کازمی و کابینه‌ی نوێی عێراق، به‌رپرسیارێتی گه‌وره ‌و هه‌ستیاریان له‌سه‌ر شانه‌، که‌ ئه‌گه‌ر به‌ هاوکاری هه‌موو لایه‌ک دابین نه‌کرێ و شه‌قامی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ریش رازی نه‌کرێ، سه‌رکه‌وتن ده‌سته‌به‌ر نابێ.

هێزه‌ کوردستانییه‌کانیش، پێویسته‌، کێشه‌ لاوه‌کییه‌کان ئارام بکه‌ینه‌وه ‌و ریزی کوردایه‌تی یه‌ک بخه‌ینه‌وه‌، به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌ به‌غداد، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق و رێکه‌وتنی سیاسی و ئابووری نوێ، به‌و ئومێده‌ی، ده‌روازه‌یه‌ک بکرێته‌وه‌، له‌ کوردستانیشدا، داخوازیه‌ بنچینه‌ییه‌کانی خه‌ڵک، له‌ پێشه‌وه‌دا مووچه ‌و گرفته‌کانی بازاڕ و کاسبی و پرۆژه‌کان دابین بکرێ، دۆخه‌که‌ له‌خۆبوردن و سیاسه‌تی به‌رپرسیارێتی نوێی گه‌ره‌که‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168661

Your Comment

You are replying to: .
captcha