لە لیستی کابینەکەی کازمی-دا وەزارەتی دارایی نەداروە بە کورد/ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکە بەڕێوە دەچێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیستی نوێی وەزیرەکانی کابینەی کازمی بڵاو کرایەوە و بڕیارە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی کۆ ببێتەوە، 250 پەرلەمانتاریش ئامادەییی خۆیان پیشان داوە بۆ ئەوەی بەشداریی دانیشتنەکە بکەن.

کوردپرێس:

میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، بڕیارە کاژێر 9ی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 6-5-2020 دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەڕێوەبچێت.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی رووداو 250 پەرلەمانتار ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بکەن، ئەگەر ئەو ژمارە لە پەرلەمانتاران بەشداربن و زیاتر لە 167 پەرلەمانتاریش دەنگ بە کابینەکە بدەن، ئەوا ئەمڕۆ متمانە بە کابینەکەی مستەفا کازمی دەدرێت.

تەلەڤزیۆنی ڕووداو ئاشکرای دەکات کە تاوەکو کاژێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆبوونەوە و دیدار و گفتوگۆی نێوان لایەنە شیعییەکانی عێراق بەردەوام بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک، بڕیار وایە لە کاژێرەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەکان دەست پێبکەنەوە.

هێشتا بەشێک لە لایەنەکان خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کابینەکەی مستەفا کازمی دەدەن یان نا، لەوانە هاوپەیمانییەکەی هادی عامری (فەتح) بڕیارە لە کاژێر 1ی دوای نیوەڕۆ لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا بکات، ئەگەر هاوپەیمانی فەتح کە خاوەن 45 کورسین بەشداری دانیشتنەکە نەکەن، ئەوا کۆبوونەوەکە ناکرێت.

بەپێی نوێترین لیستی بەربژێرانی کابینەکەی کازمی، وەزارەتی دارایی نەدراوە بە کورد، کە لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەو وەزارەتە پشکی کورد بوو، بەڵام لەو کابینەیە ناوی عەلی حەیدەر عەبدولئەمیر بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کراوە، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی بدرێتە شیعە و وەزارەتی دەرەوە بدرێتە کورد، کە لە دوو کابینەی نووری مالیکیدا لەلایەن کوردەوە بەڕێوە دەبردرا، بەڵام ئەمەش تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە، چوونکە هێشتا کورد راینەگەیاندووە کە ئاڵۆگۆڕی وەزارەتە سیادییەکەی خۆی لەگەڵ لایەنی شیعە کردووە.

لیستێکی نوێی بەربژێرانی وەزارەتەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق بڵاو بووەتەوە، ئەو لیستە لە 20 بەربژێری وەزارەتەکان پێکهاتووە، بەربژێری وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتی تێدانییە و وەزارەتی داراییش نەدراوەتە کورد.

ئەوەی لە لیستەکەدا هاتووە دوو وەزارەتەکەی کورد بەم شێوەیەن: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بۆ نازەنین محەممەد وسوو، هەروەها وەزارەتی داد بۆ عەبدولڕەحمان مستەفا فەتاح ئەحمەد.

پێشتر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لایەنە کوردستانییەکان یەک هەڵوێستن و پشتیوانی لە مستەفا کازمی دەکەن. تائێستا هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و وەزارەتی داد بۆ کورد یەکلایی بوونەتەوە، بەڵام وەزارەتی سێیەم لەنێوان دارایی و دەرەوە یەکلایی نەبووەتەوە.

لیستە نوێیەکە بەم شێوەیەیە:

وەزارەتی ناوخۆ، فەریقی یەکەم عوسمان عەلی فەرهود مشیر غانمی

وەزارەتی بەرگری، فەریق روکن جومعە عناد سعدون خەتاب

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، نازەنین محەممەد وسوو

وەزارەتی تەندروستی و ژینگە، د. حەسەن محەممەد عەباس سەلمان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانست و تەکنەلۆژیا، د.نەبیل کازم عەبدولساحب عەباس

وەزارەتی وەرزش و لاوان، عەدنان درجال مەتەر جاسم

وەزارەتی گەیاندن، ئەرکان شەهاب ئەحمەد کازم

وەزارەتی داد، عەبدولڕەحمان مەستەفا فەتاح ئەحمەد

وەزارەتی گواستنەوە، ناسر حوسێن بەندەر حەمەد

وەزارەتی بازرگانی، نەوار نەسەیف جاسم حموود

وەزارەتی دارایی، عەلی حەیدەر عەبدولئەمیر عەباس

وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، مونهەل عەزیز مەحموود عەبدولڕەحمان

وەزارەتی کارەبا، ماجد مەهدی حەنتوش عەلی

وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار، د.هیشام ساڵح داود سەلمان

وەزارەتی پلادانان، د. خالد بەتال نەجم عەبدوڵڵا

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، د. سەنا حیکمەت ناسر جەرجیس

وەزارەتی کشتوکاڵ، محەممەد کەریم جاسم ساڵح

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، د. عبیر مەهدی موحسین سەعید

وەزارەتی دەرامەتە ئاوییەکان، مەهدی رەشید مەهدی جاسم

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی دیاریکردووە کە بڕیارە کاژێر 09:00ـی ئەمشەو (چوارشەممە 6-5-2020) ئەنجام بدرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 168625

Your Comment

You are replying to: .
captcha