کوردپرێس:
لەبەیاننامەیێكدا فراكسیۆنی كۆمەڵ لەبارەی وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە كردووە،" لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی گیرۆدەی برسێتی و بێکاری و دەیان قەیرانی دیکەی دروستکراو بۆتەوە و باجی سیاسەتی هەڵە و قۆرخکاریی و گەندەڵیی ٢٩ ساڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەدات، لەبری مشورخواردنی خێرای حکوومەت لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا و گونجاو، خۆی خەریک کردووە بە هەوڵی سزادان و تۆڵەکردنەوە لە هەرکەسێک ڕەخنەیێک بگرێت و باس لە گەندەڵیی بکات.
بەیاننامەکەی کۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەش كردووە" دوایین هەوڵی سەرۆکی حکوومەت لەو پێناوەدا، بەکارهێنانی دادگا و داواکاریی گشتییە بۆ ناچارکردن و بەکارهێنانی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان (سۆران عومەر سەعید).
ئەوەش خراوەتە ڕوو،" ئەمەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ، پێشهاتێکی خراپ و مەترسیدارە و سەرەتایێکی تاریکە بە ئاراستەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئەمنی کە لەسایەیدا هیچ مەودایێک بۆ ئازادیی دەربڕین و کاری پەرلەمانی ناهێڵێتەوە .
فراكسیۆنی كۆمەڵ دەشڵێت،" ئەرکی بەڕێزیان و کابینەکەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بژێوی و گوزەرانی خەڵکە کە بە دوو مانگیش توانای دابەشکردنی موچەیێکی نەماوە !
لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكە هاتووە،" ئێمە چاوەڕێ بووین ئەم خولەی پەرلەمان لە خولەکانی پێشوو کاراتر بێت لە بینینی ئەرک و مومارەسەی دەسەڵاتەکانی، بەڵام بەداخەوە بەتەواو خراوەتە ژێر هەژموونی هێزێکی سیاسیی دیاریکراو و بۆتە پاشکۆی سیاسەت و ئەجێندای حکوومەت و بەوهۆیەشەوە پەرلەمانتاران جگە لەوەی لە ڕۆڵی چاودێریکردن و لێپرسینەوە خراون، خەریکە وایلێدێت نەشتوانێت قسە بکات و ڕەخنە بگرێت !
لەكۆتاییی بەیاننامەكەش فراكسیۆنی كۆمەڵ باسی لەوەكردووە،" ئێمە وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ههڵوێستی فراكسیۆنهكان و كهسایهتی و جهماوهری كوردستان, ڕایگشتییش لەم پێشهاتە خەتەرناکە ئاگاداردەکەینەوە، داواش لە هەموو فراکسیۆنەکانی پهرلهمان دەکەین ڕێگەنەدەن ئەم ههوڵه سەربگرێت کە دواجار پەرلەمانی کوردستان لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییەوە دەکاتە دەزگایێکی بندەستی حکوومەت و بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی !
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment