داعش لە چوار مانگدا 85 هێرشی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان 85 هێرشی ئەنجام داوە و بەو هۆیەشەوە 70 كەس کوژراون ‌و 41 كەسیشی رفاندوون.

کوردپرێس:

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیاییی ڕووداوی راگەیاند، رۆژ لە دوای رۆژ جموجووڵی داعش لەناوچە كێشەلەسەرەكان زیاد دەكات گوتی، "تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داعش 85 كردەوەی تیرۆریستی لەو ناوچانە ئەنجامداوە ‌و بەوهۆیەشەوە 70 كەس كوژراون ‌و 161كەسیش بریندار بوون، هاوکات 41 كەسیشی ڕفاندوون".

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕوونی كردەوە، زۆرترین هێرشەکانی داعش لەمساڵدا لە مانگی نیساندا بووە، بەجۆرێك 37 هێرشی لە مانگی چواردا بووە، "ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە مانگ لە دوا مانگ هێرشەکانی داعش زیاد دەكەن".

جەبار یاوەر باسی لەوەش كرد، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە‌ دوو پێشنیازیان داوەتە حكوومەتی عێراق "یەكەم پێشنیاز ئەوەیە خۆمان ناوچەكان بپارێزین. دووەمیش ئەوەیە، بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەو کارە بکەین، بەڵام حكومەتی عێراق بە هیچ یەكێك لەو پێشنیازانە رازی نەبووە و بەو جۆرەش نە خۆی ناوچەكانی بۆ دەپارێزرێت و نە دەهێڵێ‌ ئێمەش بیانپارێزین".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 168570

Your Comment

You are replying to: .
captcha