کوردپرێس: ئاژانسی هەواڵی دراو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا تاوتوێی دۆخی ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستان دەکات کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە
حکوومەتی هەرێم نەوتەکەی لەساڵی 2013 رادەستی بەغدا نەکرد، بەڵام بوودجەکەی لە بەغداوە نێردرا، 2014 هەرێم نەوتەکەی رادەست نەکرد و بەشە بوودجەی لەبەغداد بڕدرا، 2018 هەرێم نەوتی نەنارد بەڵام 317 ملیار دیناری مانگانەی لە بەغداوە بۆ نێردرا، 2019 هەرێم نەوتەکەی رادەست نەکرد بەڵام مانگانە 453 ملیاری بۆ نێردرا.
پێش راگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ مانگانە ترلیۆنێک و 200ملیار دینار لە بەغداوە دەهات بۆ هەرێم کە 850 ملیار دیناری بۆ مووچە و 350 ملیار دیناریشی بۆ خەرجی و وەبەرهێنان بوو، بەڵام لەدوای ناردنەدەرەوەی نەوت بەسەربەخۆیی و بڕینی بەشە بوودجەی هەرێم لە 2014، هەرێمی کوردستانی بە بەردەوامی لەناو قەیرانی دارایی و کێشەی دابین کردنی مووچەی فەرمانبەراندا بووە.
لە پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2013ی عێراقدا، حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی نووری مالکی داوایان لە هەرێم کرد کە رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا بەغداد بوودجەکەی تەواوەتی دەنێرێت کە مانگانە ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار بوو، هەرێم نەوتەکەی نەنارد و بەو بڕیارە رازی نەبوو بەڵام بەغداد مانگانە پارەکەی بەربەردەوامی دەنارد.
لە پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2014ی عێراقدا کە دواتر پەسەند نەکراو نەبوو بە یاسا، حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی نووری مالکی داوایان لە هەرێم کرد کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات، لەو کاتەدا ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان رایگەیاندبوو کە دەتوانن رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن،حکوومەتی هەرێم بە پێشنیازەکەی بەغداد رازی نەبوو، وتی نەوت بە سەربەخۆ دەفرۆشین و پێویستمان بە بەغداد نیە، بەغداد بوودجەی هەرێمی بڕی و هەرێم کەوتە ناو قەیرانێکی قووڵی داراییەوە.
ساڵی 2018 بەبێ پشت بەستن بە هیچ یاسایێکی بوودجە حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی مانگانە 317 ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد.
لە بوودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا، حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی داوایان لە هەرێم کرد کە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات تەواوی بەشە بوودجەی هەرێم دەنێرن کە مانگانە نزیکەی 900 ملیار دینارە، هەرێم ئامادە نەبوو هیچ بڕە نەوتێک رادەستی سۆمۆ بکات، حکوومەتی عێراق بۆ ماوەی 15 مانگ بڕی 453 ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد.
ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای 6 ساڵ لە بڕینی بەشە بوودجەکەی لە عێراق و فرۆشتنی نەوتەکەی لەرێگەی بۆریەوە، ئامادەیە تەواوی نەوتەکەی رادەستی بەغداد بکات، لەبەرامبەر شاییستە داراییەکانی، بەڵام حکوومەتی عێراق رازی نیە و پێی وایە نەوت بەهاکەی لەدەست داوە بۆیە هەرێم نەوتەکەی رادەست دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment