بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی کارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ راکەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە و تێیدا دەڵێت: خەڵکی کوردستان رابردویێکی تاڵیان چێشتووە، بە ھۆی بۆردوومان و راگواستن، و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبوونەوەی و ھەڵکشانی گەندەڵی. "ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە، حکوومەتی ھەرێم شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، و راستگۆیانە رووبەرووی گەندەڵی ببێتەوە".
دەقی راگەیەنراوەکە:
یادی کارەسات و راپەڕینی ٢٤ی٤ی قەڵادزێ بەرز رادەگرین
هاوڵاتیانی خۆڕاگری پشدەر..
خەڵکی بە ئەمەکی هەرێمی کوردستان..
ئەمڕۆ یادی بۆردوومانی قەڵادزێ لە 24ی 4ی 1974 و راپەڕینی ١٩٨٢ی دانیشتوانی خۆڕاگری ئەم ناوچەیە. لەیەککاتدا ساڵڕۆژی کارەسات و راپەڕین و هەستانەوەی خەڵکە بەرامبەر جەور و ستەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو.
ئەگەرچی ساڵانە، خەڵکی کوردستان وەک رێزگرتن لە قوربانیدان و زیندوهێشتنەوەی ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام دراون، یادی بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیان بەرز راگرتووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەکان مەراسیم و یادەکان راگیراون، لەم سۆنگەیەوە ئەگەرچی یادی کارەسات و راپەڕینی قەڵادزێ ناکرێتەوە، بەڵام ئەم یادە لە دڵی خەڵک و ئێمەش بە زیندویی ماوەتەوە و بە تێپەڕبوونی کات و زەمەن زام و سوێ قوربانیەکان سارێژ نابێت و بیرناچێتەوە.
ئەوەی گرنگە لەم یادەدا بوترێ، خەڵکی کوردستان رابردوویێکی تاڵیان چێشتووە، بە ھۆی بۆردوومان و راگواستن، و شەڕی ناوخۆ و بڵاوبوونەوەی و ھەڵکشانی گەندەڵی. ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە، حکوومەتی ھەرێم شەڕی ناوخۆ حەرام بکات، و راستگۆیانە رووبەرووی گەندڵی ببێتەوە.
دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمیش بە هەماهەنگی نێوانیان قەرەبووی خەڵک و خزمەتی زیاتری ئەو ناوچانە بکەن کە پڕشکی زیاتری قوربانیدانیان بەرکەتووە. لەو چوارچێوەیەدا خەڵکی پشدەر شایەنی خزمەت و دەستی ئاوەدانکردنەوەی زیاترن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment