کوردپرێس:
ئیدارەی خۆسەری باکوور و خۆرهەڵاتی باکووری سووریا ڕووبەڕووی چەندین مەترسیی جیدی بۆتەوە. لە لایێکەوە ئەگەر کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا زیادی کردووە و لە لایێکی دیکەشەوە مەترسیی هێرش و هەڕەشەی تورکیا بەردەوامە و تا ئەم کاتەش کوردی سووریا نەیتوانیوە لەگەڵ دیمەشق بگاتە ڕێککەوتن. کۆی ئەم بابەتانە وای کردووە ئیدارەی خۆسەر پێگەی لاواز بێت و بەردەوام مەترسیی لە سەر بێت. سەرباری ئەمانەش هەڕەشەی هێرشەکانی داعش و مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خەمساردیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بوونەتە باری سەربار و هەلومەرجەکەیان بۆ کوردی سووریا سەختتر کردووە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەی هەلومەرجی کوردەکانی سووریا گفتوگۆیێکی لەگەڵ سپایریدون پلاکوداس مامۆستای زانکۆی ئەمریکیی دوبەی کردووە کە توێژەری باڵای کاروباری کورد و هەروەها توێژەری خولی پۆس دۆکتۆرییە لە زانکۆی مەقدوونیە.
دوکتور سپایریدون پلاکوداس لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە: کوردی سووریا بۆ دەربازکردنی ئیدارەی خۆسەر تەنها دوو بژاردەیان لە بەردەستدایە: یان دەبێت بە نێوەندگیریی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بگەنە ڕێککەوتن یان خود بە نێوەندگیریی ڕووسیا لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەون.
دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ سپایریدون پلاکوداس مامۆستای زانکۆی ئەمریکیی دوبەی و توێژەری باڵای کاروباری کورد و هەروەها توێژەری خولی پۆس دۆکتۆری لە زانکۆی مەقدوونیە، لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: بەردەوام باسی ئەوە دەکرێت کە هێزە کوردییەکانی سووریا پێوەندییان لەگەڵ پەکەکە هەیە و پەکەکەش چەندین ساڵە بەردەوام لەگەڵ تورکیا لە شەڕدایە. ئێوە کاری وردتان لە سەر کورد و بەتایبەتی پەکەکە کردووە. چۆن دەڕواننە ئەو بابەتە؟
دوکتور سپایریدون پلاکوداس: پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات ناسراو بە PYD وەک کاریگەرترین و بەهێزترین ڕەوتی کوردی لە سووریا بەردەوام پێوەندییێکی تایبەتی لەگەڵ پەکەکە هەبووە. پەکەکە بۆ شەڕی دژبە داعش مەشقی شەڕی چریکی و گریلاییی بە هێزەکانی سەربە پەیەدە ناسراو بە یەپەگە YPG کردووە و لە بەرانبەریشدا پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات ئایدیا و ڕێبازی ئاپۆیی یان ئایدیای عەبدوڵا ئوجەلانی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی ناسراو بە ئیدارەی خۆسەری باکووری سووریا (ڕۆژئاوا) جێبەجێ کردووە کە لە سەر بنەمای دیموکراتی-کونفیدراڵی دامەزراوە.
بەڵام تورکیا ئەم پێوەندییەی نوێان پەکەکە و پەیەدەی قۆستووەتەوە و بۆ سووک کردنی پەیەدە و بە تیرۆریست پیشاندانی ئەم دامەزراوەیە بەکاری دەهێنێت و هەر بەو پاساوەش شەرعیەتی بۆ هەردوو هێرشەکەی خۆی هێنایەوە کە 2018 لە ئوپەراسیۆنی چڵە زەیتوون و ساڵی 2019ش لە ئوپەراسیۆنی کانیی ئاشتیدا هێرشی کردە سەر کوردەکانی سووریا. بەم پێیەش پێوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە نەک هەر نەبۆتە مایەی خێر بۆ کوردەکانی سووریا بەڵکوو بە زیانی کوردیش شکاوەتەوە چوونکە تەنانەت ئەمریکا وەک تاقە هاوپەیمانی کورد بۆ شەڕی دژبەداعش داوای لە کوردەکانی سووریا کردووە پێوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بەتەواوەتی هەڵپەسێرێت.
کوردپرێس: تورکیا ژمارەیێکی زۆری سیاسەتوان و نوێنەری پەرلەمان و شارەوانی سەربە پارتی کوردیی دیموکراتیکی گەلانی خستۆتە زیندانەوە. ئایا بەم وەزعەوە دەرەچەیێک بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لە تورکیا بەدی دەکرێت؟
سپایریدون پلاکوداس: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا تاکە سیاسەتوانی مێژووی تورکیا بووە کە وێراویەتی گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات. بەڵام سەرهەڵدانەوەی گرژی و شەڕ لە 2015وە هەموو پرڕۆسەکانی ئاشتی و دانووستانی سیاسیی نێوان کورد و تورکیای پەک خست و ئێستا ئەردۆغان قۆڵی لێهەڵماڵیوە و بە شێوەیێکی سیستەماتیکی بزاوتی مەشرووع و ڕەوای کوردی سەرکوت دەکات. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە ئێستا تەنها یەک لە سەر سێی ئەو نوێنەرە کوردانە لە سەر کار ماونەتەوە کە لە کاتی هەڵبژاردندا وەک سەرۆک شارەوانییەکان هەڵبژێردرابوون. دوو لە سەر سێی دیکەی نوێنەرە کوردەکان لە سەر کار لابراون و کەسانی سەر بە ئەردۆغان یان متمانەپێکراوی دەسەڵات وەک قەیوم لە شارەوانییەکان دەستنیشان کراون.
کوردپرێس: دوورنواڕی ئیدارەی خۆسەر چۆن دەبینن؟ ئایا هیوایێک بە مانەوەی ئەو دامەزراوەیە دەبێت؟
سپایریدون پلاکوداس: لە ڕاستێدا ڕۆژئاوا یان هەمان ئیدارەی خۆسەری کوردەکانی سووریا لە لێواری ڕووخاندایە. بوونی سەربازیی ئەمریکا ئەگەرچی هەر بە ڕواڵەتیش بێت ڕێگریی لە هێرشەکانی تورکیا دەکرد بەڵام ئوپەراسیۆنی کانیی ئاشتیی تورکیا ئەم دیوارەی بەرگریی کودەکانی سووریای ڕووخاند. لە ڕاستیدا ئەو ئوپەراسیۆنە بە تەواوەتی ئەمریکای لە ناوچەکە کردە دەرەوە و ناوچەکە دابەش کرا بۆ چەند بەش. بەشێکی ناوچەی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەشێکی دیکەی بە هاوبەشی لە ژێردەسەڵاتی سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەشێکی دیکەشی بە هاوبەشی لە ژێردەسەڵاتی هێزە ئەمریکییەکان و هێزەکانی سووریای دیموکرات ئیدارە دەکرێت. بەم وەزعەوە خولیا و ڕوئیای ناوچەی سەربەخۆی کوردی بە پشتگیریی ئەمریکا لەناو چوو.
کوردپرێس: کام بژاردە بۆ کوردەکانی سووریا باشترە؟ ڕووسیا، ئەمریکا یان دیمەشق؟
سپایریدون پلاکوداس: دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەئاشکرا ڕوونی کردەوە کە ئامادە نییە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا تەنانەت گیانی یەک سەربازی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە. بۆیە تەنها پێداگریی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە کە نەیهێشتووە بە تەواوەتی ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە. پارتی کوردیی یەکێتیی دیموکراتیک لە سووریا ناسراو بە پەیەدە بە هاوشانیی هێزە کورد و عەرەبەکانی سووریای دیموکرات پاش لێکەوتە خراپەکانی ئوپەراسیۆنی کانیی ئاشتیی تورکیا بە پشتگیریی مۆسکۆ بە چڕی دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق کرد بەڵام گفتوگۆکانی نێوان کورد و دیمەشق لەبەر گوشارەکانی ئەمریکا و لەبەر تەنەزول نەکردنی هەردوولا پەکی کەوتووە.
باشترین بژاردە بۆ کوردەکانی سووریا ئەوەیە بە نێوەندگیریی ولادیمیێر پووتن سەرۆککۆماری ڕووسیا لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەون و بەم شێوەیە ئیدارەی خۆسەری خۆیان لە نێو خاکی سووریا لە بەرانبەر هەڕەشەکانی تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە بەتایبەتی لە ناوچەی عەفرین و باکووری خۆرئاوای سووریا بپارێزن.
کوردپرێس: ژمارەیێک لە چاودێران دەڵێن ئەمریکا ئەگەر تەنها لە بەر خاتری نەوتەکەش بێت ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان دەپارێزێت و پشت لە کورد ناکات. ئایا ئەمە خوێندنەوەیێکی ڕاستە؟
سپایریدون پلاکوداس: نەوت کارتێکی گرێنگ و کارتێکەری ئەمریکا بۆ بەرگری کردن و پاراستنی کورد نیە بەڵکوو ئەمریکا ئەو کارتە دژی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بەکار دەهێنێت چوونکە نەوت و ناوچەی دەوڵەمەندی جزیرە، پوورە و کانی سەرەکیی داهاتی سووریایە. ئەمریکا بە نیازی بەرپەرچدانەوەی میحوەری شیعی لە تارانەوە تا لوبنان ڕێگری لەوە دەکات کە دیمەشق دەستی بە سامانی دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە بگات. بەڵام ئەمریکا لە ئەنجامدا ڕۆژئاوا چۆڵ دەکات چوونکە ئەو وڵاتە ناتوانێت لەو کەشە نادۆستانەدا بمێنێتەوە کە کەس دانی خێری پێدا نانێت و کەس پێشوازیی لێناکات. بۆیە کوردیش دەکەوێتە گەمارۆوە لە سێ وڵاتی عێراق و تورکیا و سووریا چوونکە ئەو سێ وڵاتە فۆبیای کوردییان هەیە.
ئێستا پێویستە کورد بە شێوەیێکی زیرەکانە نەوت و سامانی سروشتیی ناوچەی دەوڵەمەندی جزیرە بە هەل بزانێت و وەک کارتێکی پڕبایەخ بۆ مامەلەکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی سووریا بەکاری بهێنێت ئەوەش پێش ئەوەی تورکیا جارێکی تر هێرشیان بکاتە سەر.
کوردپرێس: کوردی سووریا گرفتیان زۆرە. چەند نموونەی لێرە باس بکەین. یەکەم مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆسە کە کورد هیچ پێداویستی و ئیمکانیاتی پزیشکیی پێویستی بۆ ئەو کێشەیە نیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش گرینگی بەو مەسەلەیە نادات. دووهەم تورکیا و چەکدارانی سەربە سوپای ئەو وڵاتە چەندین جار ئاوی خواردنەوەیان بە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بڕیوە. کێشەیێکی تر ئەوەیە کە کوردەکان ژمارەیێکی زۆر زیندانیی داعشیان لایە و بەدرەوام مەترسیی یاخی بوونی ئەو داعشییانە لە ئارادایە... بەگشتی خوێندنەوەتان بۆ ئەم بابەتانە چییە؟
سپایریدون پلاکوداس: تورکیا PYD و ڕۆژئاوا بە هەڕەشەیێکی گەورە لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەزانێت هەر بۆیەش تا ئەو کاتەی ڕۆژئاوا بە تەواوەتی نەڕووخێت ئەنقەرە ئۆقرە ناگرێت. زۆر سەیرە تورکیا ئاوی فوراتی کردۆتە چەک و دژی کورد بەکاری دەهێنێت بەڵام ئەمریکا کە خۆی بە تاکە هاوپەیمانی کورد دەزانێت گوێی خۆی لێخەواندووە. لە لایێکی دیکەشەوە نە ئەمریکاش و نە هیچ دامەزراوەیێکی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا یارمەتیی کوردی سووریا نادەن.
پێویستە کورد بە باشی بزانێت کە دەبێت بە زووترین کات یەک لەو دوو بژاردەیە هەڵبژێرن: یان بە ناوەندگیریی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بگەنە ڕێککەوتن و ڕێگە نەدەن ئەوەی لە سیستەمی خۆسەری ڕۆژئاوا ماوەتەوە بفەوتێت یان خود بە نێوەندگیریی ڕووسیا لەگەڵ دیمەشق ڕێک بکەون و مۆتەکەی ئەم ڕێککەوتنەیان لەگەڵ سووریا زۆر مەترسیی لەوە کەمترە کە لەگەڵ تورکیا ڕێک بکەون.
Your Comment