بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 21ی نیسان لە کۆبوونەوەیێکدا پرسی پەلە کردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، پشتیوانی کردن لە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو و خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا-یان لە ڕێگای چاودێری کردن و ڕێنوێنی شانەی قەیرانەکان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیی کرد لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و لە دیدارێکدا پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی لە وڵات تاوتوێ کران.
ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەجۆرێک کە خواستی گەلانی عێراق بهێنێتە دی، و چاکسازییە پێویستەکان جێبەجێ بکات، لە ڕێگای پشتیوانی کردن لە سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو.
هەروەها ئەو ڕێوشوێنانە تاوتوێ کران کە لەلایەن دامەزراوەی تایبەتمەندی دەوڵەت گیراونەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە لە ڕێگای چاودێری کردن و ڕێنوێنی شانەی قەیرانەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment