ڕاوێژکارە باڵاکەی بایدەن دژی دەسەڵات گرتنی کوردەکانی سووریایە

بەشی جیهان- ڕاوێژکارە باڵاکەی جۆبایدن پێشتر جەختی کردۆتەوە ئەمریکا نابێت ڕێگە بە کوردەکانی سووریا بدات کە ناوچە کوردنشینەکان یەکپارچە بکەن و بەرەو پێکهێنانی کیانی سەربەخۆی کوردی هەنگاو بنێن.

کوردپرێس:

ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەوری سەرەکیی بینی لە پڕچەککردنی هێزە کوردییەکانی سووریا بۆ شەڕی داعش بەڵام ئەمریکا لە چەند قۆناغێکی هەستیاردا و بەتایبەتی لە هێرشەکانی تورکیا لە 2018 و 2019 پشتی کوردی چۆڵ کرد. ئێستاش تەنها چەند مانگێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە دەستەوە ماوە و کوردەکانی سووریا بیرەوەریی باشیان بە نیسبەتی ترەمپەوە لە مێشکدا نیە و جۆبایدنیش وەک کاندیدی سەرەکیی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکاندا هاتۆتە پێشێ و زانینی هەڵوێستی ناوبراو بەرانبەر بە کورد زۆر گرینگ دەبێت.

ڕاوێژکارێکی باڵای جۆ بایدن کە بە وتەی ئەلمۆنیتۆر دەوری سەرەکی دەبینێت لە پلاندانانی فەرمی و نافەرمیی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی بایدن، ئانتۆنی بلینکنە کە ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بوو ئەو کاتەی جۆ بایدن وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا کاری دەکرد.

بلینکن لە وتارێکی خۆیدا کە 2017 لە نیۆیۆرک تایمز بڵاوی کردۆتەوە داوای لە ترەمپ کردبوو تەنها بۆ شەڕی داعش لە ڕەقە کوردەکان پڕچەک بکات و چەکی زیادی بە کورد نەدات چوونکە دوور نیە دژی تورکیا ئەو چەکانە بەکار بهێنن.

ناوبراو هەروەها داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کردبوو پشتیوانییەکانی ئەمریکا بە شێوەیێک بێت کە ڕێگە بە کورد نەدا ناوچە کوردنشینەکان یەکپارچە بکەن و هەوڵی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردی بدەن. بۆیە بە وتەی ناوبراو پێویستە ئەمریکا دژایەتیی خۆی بەرانبەر بە دامەزراندنی ناوچەی سەربەخۆی کوردی لە سووریا ڕابگەیێنێت.

ڕاوێژکارە باڵاکەی بایدن هەروەهاش تەرکیزی کردۆتە سەر زەروورەتی پشتگیری کردنی ئەمریکا لە تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

News Code 168432

Your Comment

You are replying to: .
captcha