هاوسەرۆکی هەدەپە ڕەخنە لە هەموارکردنی یاسای سزا و گرتووخانەکانی تورکیا دەگرێت

بەشی تورکیا- پەروین بوڵدان لە لێدوانێکدا وتوویەتی هەموارکردنەوەی یاسای سزا و گرتووخانەکان تەنیا بڕیاری ئاکەپە و مەهەپە بووە. ئەوان یاساکەیان دەرکرد، ئەوە بوو دەستدرێژیکاران، بکوژان و چەتەکان ئازاد کران.

کوردپرێس:

دوای ئەوەی مستەفا شەنتۆپ، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای سزا و گرتووخانەکان بە ویستی پەرلەمان پشتڕاست کراوەتەوە، هەدەپە وەڵامی دایەوە و هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت، "پرۆژەیاساکە تەنیا بڕیاری ئاکەپە و مەهەپە بووە. ئەوان یاساکەیان دەرکرد، ئەوە بوو دەستدرێژیکاران، بکوژان و چەتەکان ئازاد کران".

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان رایگەیاند، "ئەوانەی ئازادکراون زۆری پێنەچوو تاوانیان کرد و هێرشیان کردە سەر شارەوانیی قارس. بیرکردنەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە ئەمەیە".

هەروەها هاوسەرۆکی هەدەپە جەختی لەوە کردەوە، تاوەکوو ئەو کاتەی خەڵک بەهۆی بیروڕایانەوە لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەر بن، ئاشتی مسۆگەر نابێت.

ئەوە لە کاتێکدایە دەسەڵات هۆکاری ئازادکردنی ئەو گیراوانە دەخاتە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنی دژی کۆرۆنا.

بوڵدان لەدوای کۆبوونەوەی ناوەندی بڕیاری هەدەپە گوتی، "ئەمڕۆ بەرەنگاربوونەوەیێکی چڕ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیادا هەیە. دەمەوێ بڵێم با هیچ کەسێک متمانە بەو دەسەڵاتە و رێوشوێنەکانی ئەم دەسەڵاتە نەکات".

هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لەوە کرد، دەسەڵاتێک هەیە کە هەوڵدەدات ئەم قەیرانە وەکو دەرفەتێک لەپێناوی مانەوە لەسەر کورسییەکەی خۆی بەکاربهێنێت.

پەرلەمانی تورکیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکاندا یاسای لێبوردنی بەندکراوانی پەسەندکردووە و چەند رۆژێکە لە تورکیا و باکووری کوردستان پرۆسەی ئازادکردنی بەشێک لە زیندانییان دەستی پێکردووە.

News Code 168431

Your Comment

You are replying to: .
captcha