بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی کردوەتەوە "ئیدانەی پێشێلکاری و سنووربەزاندنی فڕۆکەکانی تورکیا دەکەین، کە رۆژی چوارشەممە هێرشیان کردەسەر کەمپی پەنابەران لە نزیک مەخموور".
ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو هەڵسوکەوتە، ئیستیفزازکردنە و لەگەڵ پابەندییەکانی هاوسێیەتیی باش و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت و پێشێل کردنی سەروەریی خاکی عێراقە، بۆیە پێویستە ئەو پێشێلکارییانە بوەستێنرێت و لەپێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئەو کردەوانە دووبارە نەکرێنەوە.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەوەشی روونکردوەتەوە، عێراق لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات و کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخی ئەمنی و سنوورە هاوبەشەکان.
لە دوو رۆژی رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردوومانی زینی وەرتێ و کەمپی ئاوارەکانی مەخمووریان کرد و کوژرا و برینداریشی لێکەوتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment