بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە پەیامی بارزانی ھاتووە: "ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە".
دەقی پەیامی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە سی و دووەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی رۆڵەكانی گەلەكەماندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین.
ئەگەرچی لە ساڵانی رابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێکی وای نەبووە. بۆیە دیسانیش جەخت دەکەینەوە کە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانی بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و روفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتیمان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment