چالاکییە بازرگانییەکان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی ئاسایی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند کە لە دوێنێوە دۆخی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان چووەتە قۆناغێکی ئاسایی، وەک پێش سەردەمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆڕۆنا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکێک لە خەمە سەرەکییەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەمی خۆراک بووە، بۆیە هەر زوو بڕیاری دا بە دروستکردنی بۆردێک بۆ دابین کردنی خۆراک و ئێستاش بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گیراونەتە بەر خەریکە ئەم خەمە کۆتاییی پێ دێت و ڕۆژانە خۆراکی پێویست بە زیادەوەش دەگاتە کوردستان."

بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی زانیاری راگەیاند کە: "لە دوێنێوە جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە بە گرتنە بەری ڕێکاری تەندروستی و خۆپارێزی و ئێستاش 140 کیلۆمەتر بارهەڵگر وەستاون بۆ ئەوەی خۆراک بگوازنەوە کوردستان و بەبەردەوامیش ئەم ڕێژەیە لە زیادبوونە.''

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەش دا: "هەموو دۆخێکی نائاسایی لە سەرەتادا تا ڕێکخستنەوەی بۆ دەکرێت هەندێک کاتی دەوێت، لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێک لە هاووڵاتیان باسیان لە گرانبوونی نرخی هەندێ خۆراک کرد، ئەمەش بەهۆی زۆری خواست لەسەر کاڵاکان و درەنگگەیشتنی کاڵاکان لە ڕێگای دەروازە سنوورییەکانەوە بەهۆی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بوو، بەڵام ئێستا بە گرتنەبەری ڕێگای تازە ئەم کێشانە نەماون، بەڵکو نرخی هەندێ جۆرە خۆراک دابەزیوە، چوونکە ئێستا لەبڕی 14 ڕۆژ بارهەڵگرەکان بە حەوت ڕۆژ بارەکانیان دەگەیەننە شوێنی مەبەست و بەمەش کرێبارەکانیان کەم دەبێـتەوە و نرخی خۆراکەکان کەمتر دەبێتەوە."

دەربارەی ئاسانکاری بۆ بازرگانان، سەروەر کەمال هاواری، ئاماژەی بەوە دا: "لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەت و ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی بازرگانی گرتوویەتییە بەر ئاسانکاریی تەواو بۆ بازرگانان کراوە بە مەبەستی کڕینی خۆراک و گواستنەوەی لە نێوان شارەکان و تەنانەت لە کۆگاکان بۆ ناو مارکێتەکانیش ئەم ئاسانکاریانەش بەردەوام دەبن لەپێناو خزمەتی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168328

Your Comment

You are replying to: .
captcha